دوایین پەرەسەندن؛ میونشن بەنیازی چییە و بژاردەکانی لیڤەرپوول چین؟

یاریگا –
بایرن میونشن ئامادەکاری بۆ پێشکەشکردنی ئۆفەرێکی نوێ بە لیڤەرپوول دەکات.
میونشن بە تەواوی سەرنجی خۆی لەسەر لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول و کۆڵۆمبیا داناوە، بەڵام پڕۆسەی گواستنەوەکە ئاڵۆزە.
هەفتەی رابردوو، میونشن ئۆفەرێکی بەبڕی 67.7 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی لیڤەرپوول کرد، بەڵام هەرزوو پاڵەوانی ئینگلتەرا ئۆفەرەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، دیاز بۆ فرۆشتن نییە.
بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی جیاواز، دیاز ئامانجی سەرەکی میونشنە و ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە بە دەستەی کارگێڕی رێدزی راگەیاندووە، دەیەوێت لەم مێرکاتۆیە قەڵای ئانفیڵد جێبهێڵێت.
بێن جەیکوبز، رۆژنامەنووسی دیاری بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئۆفەری ئەمجارەی میونشن دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ و لەوانەیە لیڤەرپوول بە ئۆفەرەکە رازی بێت.
🚨 Bayern Munich set to make an improved offer for Luis Diaz and are prepared to pay up to €80m.
Liverpool rejected a €67.5m bid, but Bayern remain intent on testing #LFC’s not for sale stance.🇨🇴 pic.twitter.com/gXvEtptDE1
— Ben Jacobs (@JacobsBen) July 23, 2025
لویس دیاز لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی پۆرتۆ بە بەهای 54 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە كرد و گرێبەستی هێرشبەرە کۆڵۆمبییەکە لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت، بەهای ئێستای یاریزانەکە لە بۆڕسەی یاریزانان 70 ملیۆن یۆرۆیە.
لویس دیاز لەگەڵ لیڤەرپوول 148 یارییكردووە و 41 گۆڵیكردووە و 23 گۆڵیشی درووستكردووە.
کێ دەبێتە جێگرەوە؟
دوێنێ سێشەممە، فلۆریان پلێتنبێرگ، رۆژنامەنووسی سکای دۆچلاند دووپاتیکردەوە، لیڤەرپوول لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی رۆدریگۆ دەكات، لە ئەگەری رۆیشتنی دیاز ئەوا وەک شوێنگرەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ دەكەن.
ریال مەدرید كراوەیە بۆ ئەوەی رۆدریگۆ بفرۆشێت و یاریزانەكەش ئاگاداری ئەوەیە، لیڤەرپوول دەزانێت تێچووی گرێبەستەكە زۆرە و ساڵانە 10 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
رۆدریگۆ لە هاوینی 2019 بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە سانتۆسەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 90 ملیۆن یۆرۆیە.
بەدرێسی ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 270 یاریی کردووە، 68 گۆڵی کردووە و 51 گۆڵی دروستکردووە.