پڕۆسەی گواستنەوەی سانچۆ بۆ یوڤێنتوس وەستاوە
یوڤێ مەرجی هەیە

یاریگا –
یوڤێنتوس پڕۆسەی گواستنەوەی جەیدن سانچۆ دەوەستێنێت.
سکای ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، یوڤێنتوس بڕیاریداوە، تاوەکو دەستبەرداری چەند یاریزانێک نەبێت، گواستنەوەی سانچۆ لە مانچێستەر یونایتدەوە دەستپێناکات.
دوای بەهەمیشەییکردنی گرێبەستی فرانسیسکۆ کۆنسێساو، یوڤێ چاوی لەسەر تەواوکردنی گواستنەوەی سانچۆ داناوە، بەڵام پێویستی بە پارەی کاشە.
کۆنسێساو وەرزی رابردوو بە خواستن یاریی بۆ بیانکۆنێری کرد و دوێنێ سێشەممە، بەبڕی 32 ملیۆن یۆرۆ بووە یاریزانی یانە ئیتاڵییەکە.
بۆ خێراکردنی گواستنەوەی سانچۆ، یوڤێنتوس چاوی لە دەستبەرداربوونە لە تیمۆسی ویا یان نیکۆ گۆنزالێز.
مارسیلیا چاوی لە ویایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئۆفەری فەرمی پێشکەشی یاریزانی نێودەوڵەتی ئەمریکی نەکردووە. بەگوێرەی داتاکانی ترانسفێر مارکێت، بەهای ویا دەگاتە 20 ملیۆن یۆرۆ.
یوڤێنتوس ماوەیەکە چاوی بڕیوەتە سانچۆ و ئامادەیە تاوەکو 25 ملیۆن پاوەند لە پێناو گواستنەوەی ئەستێرە ئینگلیزییەکە خەرجبکات.
مانچێستەر یونایتد هیچ لاری لە دەستبەرداربوون لە سانچۆ نییە، بەتایبەت دوای گواستنەوەی هەریەکە لە ماتیوس کونیا و بڕاین ئێمبوێمۆ.