
یاریگا –
دەنگۆ هەیە دهۆک سەرەڕای بەدەستهێنانی جامی عێراق بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی بەشداریکردنی لە خول و پاڵەوانێتییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، مافی بەشداریکردنی لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا لێ بسەنرێتەوە، بەڵام یانەی دهۆک ئەم دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
پێشتر کەناڵی رابیعە ریازی رایگەیاندبوو، یانەی شوڕتە وەکو نوێنەری عێراق بەشداریی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا دەکات، زەوڕا بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا 2 دەکات و زاخۆش بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات، بەڵام سەرچاوەیەک لە یانەی دهۆک ئەم دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە یانەی دهۆک بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، ئێمە هاوشێوەی یانەکانی دیکە رۆژی 11ـی ئەپرێل/نیسانی 2025 داوای وەرگرتنی مۆڵەتی بەشداریکردنمان لە خول و پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا پێشکەش کردووە و رۆژی 15ـی هەمان مانگ تەواوی رێکارەکانمان تەواو کردووە، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە کە باسی ئەوە دەکەن دهۆک هیچ رێکارێکی بۆ وەرگرتنی تەراخیسی ئاسیا نەگرتووەتە بەر.
یانەی دهۆک راشیدەگەیەنێت، هێشتا بێ هیوا نەبوون و چاوەڕێی لێژنەی یاسایی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو مافەیان بۆ بگەڕێنێتەوە و بەهۆی کەمتەرخەمی لایەنی دیکە، بلیتی بەشداریکردنیان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لەدەست نەچێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئێستا کەیسەکەی یانەی دهۆک لەسەر مێزی لێژنەی یاساییە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، چونکە دهۆک بڕوای وایە لە بەشی رێگاپێدان (تەراخیس)ـی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کەمتەرخەمی کراوە و لەبارەی هەر کەموکوڕییەک لە دۆسیەکەی یانەی دهۆک بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بەشداریکردن لە خولەکانی ئاسیا ئاگادار نەکراونەتەوە، بە ئەنقەست هەوڵدراوە دهۆک لەو مافەی بێبەش بکرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پاڵەوانی جامی عێراق بلیتێکی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر دۆسیەی وەرگرتنی مۆڵەتی بەشداریکردن لە خولەکانی ئاسیا بە دهۆک نەدرێت، ئەوا زەوڕا لەجیاتی دهۆک بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەکات و زاخۆش وەکو خاونەی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەرزی داهاتوو بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات.