یەکلاییبووەتەوە؛ ریال مەدرید ئەستێرەیەکی فەڕەنسی دەگوازێتەوە
تاوەکو ئێستا مەدرید دەرگای گواستنەوەکانی هاوینەی دانەخستووە

یاریگا –
ریال مەدرید لە گواستنەوەی بەرگریکارێکی دیکە سوورە و دوو ئامانجی سەرەکی دەستنیشانکردووە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید تاوەکو ئێستا هیچ جمووجۆڵێکی نەکردووە، بەڵام ناوی هەریەکە لە ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول و ویلیام سالیبا، بەرگریکاری ئارسیناڵ لە بازنەی گرنگییەکانی مەدرید دان.
خەریکە چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید لیستی یاریزانانی بۆ وەرزی نوێ یەکلاییدەکاتەوە و پێدەجێت دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت.
ئاڵۆنسۆ رووناکی سەوزی بۆ چوونە دەرەوەی رۆدریگۆ، دانی سێبایۆس و فران گارسیا هەڵکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوی لە گواستنەوەی بەرگریکارێکە.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، لەسەر ئاستی کارگێڕی و هونەر، ریال مەدرید بە تواناکانی کۆناتێ و سالیبا سەرسامە، بۆیە ئەگەرێکی بەهێز بۆ گواستنەوەی یەکێکیان لەم مێرکاتۆیەی یاریزاناندا هەیە.
گرێبەستی کۆناتێ لە هاوینی ساڵی 2026 لە لیڤەرپوول بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەکراوە. لیڤەرپوول یەکێکە لە چالاکترین یانەکانی مێرکاتۆی هاوینەی یاریزانان و تاوەکو ئێستا نزیکەی 330 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە، بۆیە دەستبەرداربوون لە کۆناتێ، هەندێک هاوسەنگی دارایی لە ژمێریاری یانەکە دروستدەکات.
ریال مەدرید زۆر پەلەی لە گواستنەوەی کۆناتێ نییە، چونکە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و دەتوانێت سیناریۆی گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد دووبارە بکاتەوە و بەخۆڕایی بیگوازێتەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی
ریال مەدرید لەوانەیە هاوشێوەی کەیسی ئارنۆڵد، لە ماوەی داهاتوودا، ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی کۆناتێ پێشکەش بکەن و لە ئەگەری رەتکردنەوەی، لە هاوینی داهاتوودا بەخۆڕایی بیگوازنەوە، بەڵام لیڤەرپوولیش لەم دۆخە تێگەیشتووە.
کۆناتێ پەیوەندی بە کەیسی سالیباوە هەیە؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، کەیسی سالیبا هیچ پەیوەندی بە کۆناتێ نییە، تەنانەت پڕۆسەی گواستنەوەشیان هاوشێوەی یەکتر نییە.
گواستنەوەی سالیبا بەبەها و ئاڵۆزە، چونکە هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی سالیبا لەگەڵ یانە لەندەنییەکە ماوە، بۆیە لە ئەگەری ویستی سالیبا بۆ یارییکردن بۆ ریال مەدرید، پێویستە سازش لەسەر چەند مافێکی دارایی خۆی بکات و رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، سالیبا ئامادەیە دەستبەرداری بەشێک لە شایستەکانی دارایی خۆی ببێت.
ریال مەدرید دەزانێت پێویستی بە گواستنەوەی بەرگریکارێکی دیکەیە، هەرچەندە رودیگەر و میلیتاو گەڕاونەتەوە و ئامادەن یاریی بکەن، بەڵام بەرگریکارێکی دیکە پێویستییە و سالیباش بژاردەی یەکەمە.
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید چوار یاریزانی گواستووەتەوە و بەفەرمی دەرگای گواستنەوەکانی هاوینەی دانەخستووە.