تەواو؛ چارەنووسی کلاودیۆ ماڕادۆنا لە نەورۆز یەکلایی کرایەوە
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا: لە نەورۆز دەمێنمەوە

یاریگا –
چارەنووسی کلاودیۆ ماڕادۆنا لە یانەی نەورۆز یەکلایی بووەتەوە و ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە لە یانەکە دەمێنێتەوە.
لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کلاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبەری بەڕازیلی لە یانەی نەورۆز دەڕوات، بەڵام ماڕادۆنا و بەرپرسانی یانەی نەورۆز ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە و ئەو یاریزانە بەڕازیلییە لە یانەکەی سلێمانی بەردەوام دەبێت، کە تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەکە هەیە.
کلاودیۆ ماڕادۆنا کە ئێستا بۆ وەرگرتنی پشووی هاوینە و چارەسەری پێکانەکەی گەڕاوەتەوە بەڕازیل، لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’من تاوەکو یۆلیۆی 2027 گرێبەستم لەگەڵ نەورۆز هەیە و لە یانەکە بەردەوام دەبم، هیوادارم وەرزی داهاتوو باشتر بم’.
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەی نەورۆز لەبارەی داهاتووی ماڕادۆنا بە تۆڕی وەرزشی یاریگای گوت :’ماڕادۆنا لە یانەکەمان بەردەوام دەبێت و ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی رۆیشتنی لە یانەکەمان بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە، ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری پێکانەکەی ماڕادۆناین و پەرۆشی ئەوەین بەزووترین کات لە پێکانەکەی چاکبێتەوە و بگەڕێتەوە یانەکەمان’.
هێرشبەرە 31 ساڵانەکەی نەورۆز لە گەڕەکانی کۆتایی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ جاری دووەم تووشی پێکان بوو، کە لەگەڵ یانەکەی سلێمانی لەو وەرزە بەشداریی 25 یاریی کردووە، 4 گۆڵ و 5 ئەسیستی کرد.