یانەی هەولێر لە لێواری رووخاندایە؛ بێ راهێنەر و یاریزان ماوەتەوە و تەنیا 10 رۆژ دەرفەتی هەیە
دەرگای بارەگای یانەکە قوفڵی لێدراوە و تا ئێستا چارەنووسی یانەکە نادیارە

یاریگا –
یانەی هەولێر لە لێواری رووخاندایە، ئێستا ئەو یانەیەی رۆژانێک ئیمپراتۆری عێراق و ئاسیا بوو، ئێستا نە راهێنەر و یاریزانی هەیە، نە یاریگایەکەی بۆ یاریکردن ئامادەیە و نە دەستەی کارگێڕیشی هەیە، دەرگای بارەگای یانەکە قوفڵی لێدراوە.
رۆژ لەدوای رۆژ بەهۆی ململانێی جەمسەرە جیاوازەکان، دۆخی یانەی هەولێر خراپتر دەبێت، خەریکە یانەکە دەبێتە قوربانی ململانێیەکان و دادەبەزێتە ریزی یانە نایابەکانی عێراق، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بەڕێوەچوو و شەش ئەندام هەڵبژێردران و دواتر دووانیان دەستیان لەکارکێشایەوە، ئێستا یانەکە لە نێوان بەرداشی دەستە هەڵبژێردراوەکە و دروستکردنی دەستەیەکی کاتی دیکەدایە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئێستا تەنیا شەش یاریزان لە یانەی هەولێر ماون و پەیوەستن بە یانەکەی پایتەخت، کە بریتینلە گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، هیدایەت لەتیف، مستەفا قابیل، موئەیەد سەفا و هەڵگورد قەیس.
دوێنێ دووشەممە 21ـی یۆلیۆ/تەممووزی 2025 گرێبەستی سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر کۆتایی هات و ئێستا یانەکەی قەڵاومنارە بێ راهێنەرە و کەس نازانێت وەرزی داهاتوو کێ راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، زۆربەی یاریزانەکانی قەڵای زەرد کۆچیان کردووە و هەر رۆژێک یاریزانێکی هەولێر بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەیەکی دیکە رادەگەیەنرێت، رەوا یوسف و هەڵۆ فایەق دوێنێ بەفەرمی یانەکەیان بەجێهێشت، هەڵۆ فایەق لە پەیامێکیدا دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ گەرمە نووسیویەتی :’هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە دوای پێنج ساڵ یانەی هەولێرم بەجێهێشت، بە دڵیکی پڕەوە ئەم قسانە دەکەم، بەڵام هەندێک هۆکار وایانکرد لە یانەکە بڕۆم’.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی هەولێر نزیکەی 700 ملیۆن دینار قەرزاری یاریزانەکانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، ئەگەر تاوەکو 10 رۆژی دیکە ئەم شایستە داراییانە بە یاریزانەکان نەدرێت، مۆڵەتی بەشداریکردن (تەراخیس) بە یانەی هەولێر نادرێت و ناتوانێت بەشداریی وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یانەی هەولێر زانیویەتی، سێ سکاڵا لەسەر هەولێر تۆمارکراون، یاریزانەکان بەهۆی وەرنەگرتن و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵایەکیان لەسەر یانەکە تۆمارکردووە و لە فیفاش دوو سکاڵا لەسەر یانەکەی قەڵاومنارە تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستا هەر سێ سکاڵایەکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و مەترسی سزادرانی هەولێر هەیە.
یانەی هەولێر دەبێت تاوەکو رۆژی 1ـی ئاب/ئۆگێست سەرجەم مەرجەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی مۆڵەتی بەشداریکردنی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق پێبدرێت، کە نابێت هیچ سکاڵایەکی یاریزانێکی لەسەر بێت و یاریگایەکی شایستەی بۆ یاریکردن هەبێت.
یانەی هەولێر ساڵی 1968 دامەزراوە و پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق و دوو جاریش پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی ئاسیا بەدەستهێناوە.