دوایین پەرسەندن؛ ئارسیناڵ ئۆفەرێکی نوێ بۆ گواستنەوەی یۆکێرێش پێشکەش دەکات

یاریگا –
هێشتا مشتومڕی ئارسیناڵ و سپۆرتینگ لیسبۆن لەبارەی ڤیکتۆر یۆکێرێش بەردەوامە، یانە لەندەنییەکە بەنیازە ئۆفەرێکی نوێ پێشکەشی یانە پۆرتوگاڵییەکە بکات بۆ ئەوەی هێرشبەرە سویدییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامەی A BOLAـی پۆرتوگاڵی ئاشکرایکردووە، ئارسیناڵ خەریکە ئۆفەرێکی نوێ ئامادە دەکات بۆ ئەوەی سپۆرتینگ لیسبۆن رازی بکات دەستبەرداری یۆکێرێش بێت، گەنەرز بەنیازە ئۆفەرێکی نزیک لە داواکارییەکانی سپۆرتینگ لیسبۆن پێشکەش بکات کە یانە پۆرتوگاڵییەکە داوای 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
Sporting: Arsenal prepara novo ataque por Gyokeres
Leia aqui: https://t.co/8SdkkxP877#futebol #nacional #sporting #liga #viktorgyokeres #arsenal #manchesterunited #premierleague
— A BOLA (@abolapt) July 22, 2025
ئارسیناڵ پێشتر ئۆفەرێکی بە بڕی 63.5 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکو پاداشت پێشکەشی سپۆرتینگ کردبوو، بەڵام هەرزوو ئەو هێرشبەرە 27 ساڵانە ئۆفەرەکەی رەتکردەوە، کە تاوەکو ئێستا یۆکێرێش یاخی بووە و ئامادە نییە بگەڕێتەوە راهێنانەکانی یانەکەی.
سەرەتای ئەم هەفتەیە بوو سەرچاوەکانی هەواڵ وێنەی بارهەڵگرێکیان لەبەردەم خانووەکەی یۆکێرێش لە لیسبۆنە بڵاوکردەوە کە گوایە کەلوپەلی ناوماڵەی یاریزانە سویدیەکە دەگوازێتەوە. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ رۆشتنی ناوبراو لە سپۆرتینگ و پەیوەندیکردنی بە ئارسیناڵەوە کە تەنها ئەو یانەیەی دەوێت.
چەقی کێشەکانی نێوان هێرشبەرەکە و یانەکەی ئەوەیە کە کارگێڕی سپۆرتینگ چەندین جار جەختیان لەوەکردەوە کە بە کەمتر لە 75 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری گۆڵکارەکەیان نابن، ئەوەش یاخیبوونی یۆکێرێشی لێکەوتەوە و لە راهێنانەکانی یانەکە خۆی دوورخستەوە. دواتر هەڕەشەی راستەوخۆی سەرۆکی یانەکەی بەدواداهات کە ئەگەر بێت و لە هەڵوێستەکانی بەردەوام بێت و داوای لێبوردن لە تیمەکە نەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، یۆکێرێش جارێکیتر و هاوشێوەی هەفتەی رابردوو لەلایەن نێوەندگیرەکانی نزیک لە سپۆرتینگەوە پێشکەشی مانچێستەر یونایتد کراوە تا ئۆفەری خۆیان پێشکەش بکەن، بەڵام یۆکێرێش و بەڕێوەبەری کارەکانی رەتیانکردووەتەوە و تەنیا ئارسیناڵیان دەوێت.