ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید دوای مۆدریچ درێسی ژمارە 10 بە کێ دەدات؟

ئێمباپێ یان گولەر یان هیچ یاریزانێک

Yariga App

یاریگا –

درێسی ژمارە 10 لە ریال مەدرید یەکێکە لە سیمبوڵەکانی یانەکە، بۆیە ئەم درێسە لە مەدرید هەروا سادە نییە و وەکو ژمارەی درێسەکانی دیکە سەیر ناکرێت، دوای رۆیشتنی لوکا مۆدریچ هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە وەرزی داهاتوو کامە یاریزان ئەم درێسە دەپۆشێت و میراتەکەی مۆدریچی بۆ دەمێنێتەوە.

رۆژنامەی مارکا ـی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا باسی ئەو یاریزانانەی کردووە کە بەربژێرن بۆ ئەوەی میراتەکەی لوکا مۆدریچیان پێبدرێت، کیلیان ئێمباپێ و ئاردا گولەر بەربژێری سەرەکین بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بە درێسی ژمارە 10 یاریی بکەن، بەڵام لەوانەشە وەرزی داهاتوو لۆس بلانکۆس بێ ژمارە 10 بێت.

مارکا رایگەیاندووە، کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت، بەڵام لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا درێسی ژمارە 10 دەپۆشێت و لە مۆناکۆش هەر ئەم درێسەی پۆشیوە، بەڵام هێرشبەرە فەڕەنسییەکە داوای درێسی ژمارە 10ـی لە ریال مەدرید نەکردووە، چونکە دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید بڕیار دەدات ئەم درێسە دوای مۆدریچ بە کێ دەدرێت.

ئاردا گولەر بەربژێرێکی دیکەیە بۆ ئەوەی میراتەکەی مۆدریچ وەربگرێت، کە لە دوایین یاریی مۆدریچ بە درێسی ریال مەدرید لە پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان، دوای تەواوبوونی یارییەکە ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە درێسەکەی بە گولەر دا، لەوانەیە ئەو ناوەڕاستکارە تورکە ببێتە جێنشینی لوکا و درێسی ژمارە 10ـی پێبدرێت، کە چابی ئاڵۆنسۆ متمانەی تەواوی پێیەتی و بەشێکی گرنگی پێکهاتەی ریال مەدرید دەبێت.

جگە لە ئێمباپێ و گولەر سیناریۆیەکی دیکەش بۆ چارەنووسی درێسی ژمارە 10ـی ریال مەدرید هەیە، لەوانەیە وەرزی داهاتوو هیچ یاریزانێک ئەم درێسە نەپۆشێت، وەکچۆن وەرزی 2013/2014 دوای ئەوەی مەسعود ئۆزیل یانەکەی بەجێهێشت، ئەم درێسە بە هیچ یاریزانێکی دیکە نەدرا.

تاوەکو ئێستا ژمارەی درێسی فرانکۆ ماستانتونۆ یاریزانی نوێی ریال مەدرید دیار نییە، لەوانەیە ژمارە 10 بەو بدرێت، کە ئێستا هەر ژمارە 10 و 17 و 25 بەردەستن بۆ ئەوەی ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینییەکە بیپۆشێت، بەڵام لە ریال مەدرید هەروا بە ئاسانی ئەم درێسە نادرێت بە هەموو یاریزانێک.

بابەتی زیاتر

Back to top button