سندووقی گواستنەوەکان؛ مێرکاتۆی هاوینەی ریال مەدرید کۆتاییهاتووە؟
ریال مەدرید بە نیازە کێ بگوازێتەوە و دەستبەرداری کێ ببێت؟

یاریگا –
ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا چالاکە و هەفتەی رابردوو چوارەم گرێبەستی کردە فەرمی.
ئالڤارۆ کارێراس بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە مەدرید کرد، دوای هەریەکە لە فڕانکۆ ماستانتونۆ (63.2 ملیۆن یۆرۆ)، دین هاوسن (58 ملیۆن یۆرۆ) و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد (10 ملیۆن یۆرۆ).
لە ماوەی دوو ساڵدا، ریال مەدرید یاریزانی بە ئەزموونی زۆری لەدەستداوە و ئێستا مەدرید بێ سەرکردەیە، بە تایبەت دوای چوونە دەرەوەی لوکا مۆدریچ و پەیوەندیکردنی بە ئەیسی میلان.
هەرچەندە ریال مەدرید چەندین ئەستێرەی گەورەی هەیە و دەتوانن رۆڵی باڵا بگێڕن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاماژەکان بەتەواوی دەرنەکەوتوون. پێشبینی دەکرێت هەریەکە لە فێدێریکۆ ڤالڤێردی و دانی کارڤاخال دەبنە دوو سەرکردەی داهاتووی ریال مەدرید.
ریال مەدرید کێی دەوێت؟
سەرچاوەیەکی باڵا لە یانەکە بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا باس لە گۆڕانکاری لە پێکهاتە نەکراوە و چاوەڕێی گەیشتنی ماستانتونۆن، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بگاتە یانەکە.
یانە مەدریدییەکە هیچ یاریزانێکی لە بازنەی گرنگیپێدان نییە و پڕۆسەی هێنانی یاریزانی نوێ نیمچە وەستاوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت، چابی ئاڵۆنسۆ بەم پێکهاتەیە رکابەری لەسەر نازناوەکانی وەرزی داهاتوو بکات.
کێ یانەکە جێدەهێڵێت؟
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی تیبو کۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیکی تاوەکو ساڵی 2027 و چەند ئاماژەیەکیش بۆ نزیکبوونەوەی یانەکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئاندرێ لونین، گۆڵپارێزی ئۆکراینا هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری کارەکانی لونین، لە نێو بازاڕەکاندا بەدوای بژاردەیەکی گونجاو دەگەڕێت.
سەرەڕای گواستنەوەی کارێراس، مانەوەی فران گارسیا نیمچە پشتڕاستکراوەتەوە، هەرچەندە گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت، بەڵام ریال مەدرید نایەوێت بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ببێت.
رۆدریگۆ، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی داهاتووی لە یانەکە شاهانەکە روون نییە، تەنانەت یاریزانە بەڕازیلییەکە لە جێهێشتنی یانەکە نزیکە و گەورەکانی پرێمەرلیگ داوای دەکەن.
دانی سێبایۆس بە ئاشکرا داوای جێهێشتنی یانەکەی کردووە و لە ریال بێتیس نزیکە، بەڵام هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکراوە و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 لە بێرنابیۆ بەسەردەچێت.