
یاریگا –
چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، لە سەرەتادا پلانی دانابوو لامین یامال لە تەمەنی 15 ساڵیدا بۆ تیپی یەکەم سەربخات، بەڵام گفتوگۆی ناوخۆیی تیپەکە دەرکەوتنی ئەو ئەستێرە لاوەی دواخست.
جۆردی کرۆیف بەڕێوبەری وەرزشی پێشووی بارسێلۆنا ئاشکرای کرد لەگەڵ ماتیۆ ئالێمانی، بەڕێوەبەری تۆپی پێی ئەوکاتەی یانەکە، داوایان لە ئیدارەی یانەکە کرد و دەستوەردانیان کرد بۆ دواخستنی یەکەم یاری یامال لە تیپی یەکەم تا ئەو کاتەی باری گرێبەستەکەی یەکلایی دەبێتەوە. ئەوان نیگەران بوون لەوەی یانەکە بەبێ گرێبەستی پیشەگەرانە ئەم بەهرەمەندە ناوازەیە لەدەست بدات.
کرۆیف بە بیرهێنانەوەی پێداگریی چاڤی لەسەر یەکەم یاری یامال، بە وردی بۆ رۆژنامەی سپۆڕتی باس کرد کە بۆچی یاریی کردنیان لە تیپی یەکەم دواخست و بڕوای وابوو ئەمە لە بەرژەوەندی یاریزانەکە و یانەکە بووە، وەک خۆی دەڵێت:
چاڤی زۆر زووتر بڕیاریدا بۆ تیپی یەکەم سەری بخات، ناچار بووین لەگەڵ ماتیو گفتوگۆی لەسەر بکەین، گرنگترین شت ئەوە بوو کە هەمیشە وەک تیمێک کارمان دەکرد، بڕیارەکان پێکەوە و بە گفتوگۆی کراوە دەدرا، ئەگەر ئەو 10 یاری کردبا و ئەوەی ئێمە بینیبوومان لە یاریگادا نمایشی کردبا لەدەستمان دەچوو چونکە گرێبەستی نەبوو و بەدەستی خۆمان دەمانخستە ناو بازاڕی گواستنەوەوە.
بارسا هەمیشە شانازی بە ئاکادیمیای لاماسیای خۆیەوە کردووە، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی سەرسوڕهێنەری یامال تەنانەت کەسانی ناو یانەکەشی تووشی سەرسوڕمان کردووە. بە گوتەی کرۆیف، چاڤی بە درەوشاوەیی یامال لە مەشقەکاندا متمانەی پێکردووە و پێیوابوو ئامادەیە کاریگەری دەستبەجێ لە تیپی یەکەمدا دروست بکات. بەڵام بەهۆی نەبوونی گرێبەست لەگەڵیدا پرۆسەکە دواخرا.
دواجار یامال لە تەمەنی 15 ساڵ و 9 مانگدا یەکەم یاریی فەرمی خۆی بۆ بارسێلۆنا کرد و لەوکاتەوە تاوەکوو ئێستا بووەتە ئەستێرەی یەکەمی یانەکەی و هەفتەی پێشوو لە رۆژی لەدایک بوونی 18 ساڵەی تەمەنیدا درێسی ژمارەی 10ـی یانەکەی پێشکەش کرا.