یانەیەکی گەورەی ئێرانی هەوڵی گواستنەوەی گۆڵکارەکەی عێراق دەدات

یاریگا –
پێدەچێت جارێکی دیکە هێرشبەر و گۆڵکاری خۆلی ئەستێرەکانی عێراق سەرنجی یانەکانی ئێرانی بۆ خۆی راکێشابێت.
ماڵپەڕی وەرزش 3 ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە موهەندەد عەلی هێرشبەری عێراقی سەرنجی یانەیەکی گەورەی ئێرانی بۆ خۆی راکێشاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی وەسڵی ئیماراتیش گفتوگۆی لەگەڵ هێرشبەرەکەی شوڕتە دەستپێکردووە و تەنانەت گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی.
موهەنەد عەلی کە وەرزی رابردوو ئاستێکی نایابی لە شۆرتە پێشکەش کرد، ئێستا جارێکی دیکە لە لێواری جێهێشتنی یانەکەیدایە؛ گواستنەوەیەک کە پێدەچێت بۆ خۆلی ئێران بێت.
موهەندەد عەلی ناسراو بە “میمی” وەرزی رابردوو لە کۆی 33 یاری 27 گۆڵی تۆمارکرد و یەک ئەسیستیشی هەبوو. یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەروەها لە یانەکانی دوحێلی قەتەر، ئاریس یۆنان و پۆرتیمۆنێنسی پورتوگال یاری کردووە. تەنانەت پێشتر گرێبەستی لەگەڵ یانەی تراکتۆرسازی تەبرێز واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی دەرنەچوونی لە پشکنینە پزشکیەکان گرێبەستەکەی هەڵوەشایەوە.
میمی یاریزانێکی خاوەن ئەزموونە لە خولە جیاوازەکان و مێژووی درەوشاوەیی لە هەڵبژاردەی عێراقدا هەیە، کە دەکرێت دوای چەندین ساڵ گواستنەوەی گرنگ بێت لەنێو یاریزانە دیارەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ خولی نایابی ئێران.