بارسێلۆنا دوای راشفۆرد بیر لە گواستنەوەی کێی دیکە دەکاتەوە؟

یاریگا –
بارسێلۆنا دوای گواستنەوەی مارکۆس راشفۆرد کۆتایی بە مێرکاتۆی ئەم هاوینەی دەهێنێت و هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە ریزەکانی.
ماڵپەڕی La Vanguardiaـی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا دوای گواستنەوەی مارکۆس راشفۆرد هیچ یاریزانێکی دیکە ناگوازێتەوە و هانزی فلیک بیر لە گواستنەوەی هیچ یاریزانێکی دیکە ناکاتەوە، کە مارکۆس راشفۆرد دوای خوان گارسیا دەبێتە دووەم گرێبەستی بلاوگرانا.
ماڵپەڕە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، بارسێلۆنا دەستی بە هەوڵەکانی کردووە بۆ ئەوەی سەرەتای مانگی داهاتوو بتوانێت بە خۆگونجاندن لەگەڵ یاسای دارایی خاوێن دوو یاریزانە نوێیەکەی تۆمار بکات، کە بارسا دەیەوێت لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە هەریەکە لە ئیناکی پێنیا، ئۆریۆل رۆمیۆ و ئاندریاس کریستیێنسن بفرۆشێت، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان خەرجی و داهاتەکەی بەدەست بهێنێت.
بارسێلۆنا لەم هاوینە تاوەکو ئێستا دەستبەرداری هەریەکە لە ئەلێکس ڤالێ، پابلۆ تۆرێ، کلیمێنت لێنگلێت، ئانسو فاتی و ئاندێر ئاسترالاگا بووە.