یەکلاییدەبێتەوە؛ ریال مەدرید بڕیاری گواستنەوەی رۆدری دەدات
دەتوانێت لەم هاوینە گرێبەستەکە واژۆ بکات..

یاریگا –
رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی ئامانجی داهاتووی ریال مەدرید.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، پاش گواستنەوەی دین هاوسن، ئالێکساندەر ئاڕنۆڵد، فرانکۆ ماستانتونۆ و ئالڤاۆ کارێراس، ئێستا رۆدری ئیسپانی و ئەستێرەی مانچێستەر سیتی ئامانجی گەورەی داهاتووی ریال مەدریدە، یانەکە بڕوای وایە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی تۆنی کروس، رۆردری باشترین بژاردەیە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ریال مەدرید توانای هەیە لەم هاوینە گرێبەستێکی دیکەی گەورە واژۆ بکات، بەتایبەت دوای دەستبەرداربوون لە رۆدریگۆ، هێرشبەری بەڕازیلی نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆی دیکەش دەچێتە خەزێنەی یانەکە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لەم هاوینە تاوەکو ئێستا شوێنگرەوەی گونجاوی کروسیان دەستنەکەوتووە.
💰 Después de gastar 178 millones en Huijsen, Trent, Carreras y Mastantuono, fichar un Kroos es el siguiente gran objetivo del club blanco. El Balón de Oro es una gran opción
✍️ @AS_MarcoRuiz pic.twitter.com/4PNRtm8YA3
— Diario AS (@diarioas) July 21, 2025
جیا لە ناوی رۆدری، ناوی نیکۆ بارێلا (ئینتەر میلان)، ئێنزۆ فێرناندێز (چێڵسی) و ماک ئالیستەر، ئەستێرەی لیڤەرپوول لەسەر مێزەکەی پێێزە، بەڵام هەموویان گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ یانەکانیان هەیە و گواستنەوەیان ئەستەمە.
بژاردە دروستەکە
رۆدری لە هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەسەردەچێت، ئەگەر نوێی نەکاتەوە یانە ئینگلیزیەکە ناچارە دەستەبەرداری ببێت، ریال مەدریدیش دەتوانێت بە نرخێکی کەمتر گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.
بۆیە لەنێو هەموو بژاردەکان، رۆدری نزیکترین شوێنگرەوەی تۆنی کروسە، خودی یاریزانەکەش لەماوەی رابردوو خواستی خۆی بۆ پۆشینی درێسی ریال مەدرید ئاشکرا کردووە و تەنانەت خەون بە یاریکردن بۆ ریال مەدرید دەبینێت.
نەک تەنیا یانەکە، بەڵکو خودی تۆنی کروسیش بڕوای وایە، رۆدری کاریگەرترین ناوەڕاستکاری ئێستای جیهانە.
یاریزانی هێڵی ناوەڕاست کلیلی تۆپی پێی مۆدێرنە، چونکە کۆنتڕۆلی ریتمی یارییەکە دەکات، خۆتان بینیتان مانچێستەر سیتی بەبێ رۆدری چی بەسەرهات.
بەهای ئێستای رۆدری لە بۆڕسەی یاریزانان 110 ملیۆن یۆرۆیە، تەمەنی 29 ساڵە و زینەدین زیدان، لە هەمان تەمەنی ئەو پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، بۆیە ریال مەدرید لەبارەی تەمەنی یاریزانەکە نیگەران نییە و بڕوایان وایە هاوشێوەی زیدان دەتوانێت چەند وەرزێک بە ئاستێکی بەرز یاریی بکات.