عێراقکوردستانگرنگترین

لێژنەی ئۆڵێمی عێراق هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر پەسند کرد

دوو ئەندامی هەڵبژێردراو دەستیان لەکارکێشایەوە و هەڵبژاردنەکە هەڵوەشاوەتەوە

Yariga App

یاریگا –

لێژنەی ئۆڵێمی عێراق بە نووسراوی فەرمی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر پەسند کرد، لەکاتێکدا دوو ئەندامی هەڵبژێردراو دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و بەگوێرەی یاسا هەڵبژاردنەکە رێژەی یاسایی لەدەست داوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە دەست تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتووە، لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق بە نووسراوی فەرمی دوایین هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر پەسند کردووە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو (15ـی یۆلیۆ/تەممووزی 2025) هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکەی پایتەخت بەڕێوەچوو، شەش ئەندام دەنگی پێویستیان هێنا.

لێژنەی ئۆڵێمی عێراق هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر پەسند کردووە، لەکاتێکدا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو  بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان رایگەیاند، هەریەکە لە زوبێر جەبار و رەوەز سەلام دەستیان لەکارکێشایەوە و تەنیا چوار ئەندامی دەستەی کارگێڕی ماون و بەمەش هەڵبژاردنەکە هەڵدەوەشێتەوە، چونکە نابێت ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە لە پێنج کەس کەمتر بن.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە هەڵبژاردنی دەستەی گشتی 203 کەس دەنگیان دا و لەکۆی 22 بەربژێر شەش بەربژێر دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا و 50 + 1ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، هەریەکە لە ئاسۆ ئەمیر، زوبێر جەبار، جێماو سەدرەدین، رەوەز سەلام، سەفین کانەبی، ئالا دێدەوان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا و بەفەرمی بوونە ئەندامی دەستەی نوێی کارگێڕی یانەی هەولێر.

لە گەڕی یەکەم، 22 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر خۆیان کاندید کرد و 10 بەربژێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکە لە کاندید بوونیان پەشیمان بوونەوە و خۆیان کشاندەوە، کە بریتی بوون لە  بێجان ئیبراهیم، موسا موحسین، مۆفەق یونس، ئەحمەد شکور، رێبین رەمزی، رێبوار محێدین، بەسیم عیسا، ئەحمەد خەلیل، سروود غازی، محەمەد سەلیم.

چوار ساڵ لەمەوبەر دوایین هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکەی پایتەخت کرا، رۆژی 7ـی نۆڤێمبه‌ری 2021 لە هۆڵی رۆشنبیری زانكۆی سەڵاحەدین هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر كرا و 306 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، تەنیا 263 كەس ده‌نگیاندا، 9 كەس وەكو دەستەی كارگێری و 3 كەسیش وەكو ئەندامی یەدەگی دەستە هەڵبژێردران.

بابەتی زیاتر

Back to top button