سعوودیە گرێبەستە یەک ملیارییەکەی ڤینیسیوسی کشاندەوە

یاریگا-ڤینیسیوس جونیۆر چیتر بژاردەی ئەوەی نیە ببێتە خاوەنی یەک ملیار دۆلار و سعوودیە ئۆفەرەکەی کشاندووەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، سعوودییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کشاونەتەوە و بڕیاریانداوە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی ڤینیسیوس بۆ وڵاتەکەیان بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بە هۆکارەکەی نەکردووە بەڵام پێدەچێت پەیوەندی بەوەوە هەبێت، گفتوگۆکانی تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مەدرید بە باشی بەڕێوەناچن و رەنگە چاویان لەوە بێت بێ بەرامبەر بیگوازنەوە خولەکەیان. ڤینیسیوس لە ناوەڕاستی ئەم وەرزەدا پێدەنێتە کۆتا 18 مانگی گرێبەستەکەی لەگەڵ مەدرید.
سعوودیە ئامادەبوو زیاد لە 300 ملیۆن دۆلار بداتە ریاڵ مەدرید لەگەڵ یەک ملیار مووچە بۆ یاریزانەکە لە ماوەی پێنج ساڵدا.
ڤینی لە 2022دا گرێبەستەکەی تازەکردەوە بە مووچەی ساڵانەی 15 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بەڵام ئێستا ناوبراو داوای پێنج ملیۆنی دیکە دەکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی تازەبکاتەوە. رۆژنامەکەش ئەوە دووپات دەکاتەوە ریاڵ مەدرید هەرگیز نایەوێت ئەو سنوورە ببەزێنێت و مووچەی ڤینی زیاتر بکات لە ئێمباپێ.
View this post on Instagram
کشانەوەی سعوودییەکان بە مانای ئەوە دێت، ڤینی لانیکەم تاوەکو وەرزێکی دیکە لە مەدرید دەمێنێتەوە. نوێترین پێشهاتەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن ریاڵ مەدرید دەیەوێت لە 2026دا گفتوگۆکان دەست پێبکاتەوە و لەم ساڵدا دووبارە ئەو باسە نەکاتەوە. ئەمەیان ئەکرێت پەیوەندی بەوەوە هەبێت یانەکە چاودێری ئاستی یاریزانەکە بکات و بزانن شایستەی ئەو مووچەیە کە داوای دەکات یاخود ئاستە ناجێگیرەکەی ئەم دواییەی هەمیشەییە.