دوایین پەرەسەندن؛ فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیوس بڕیارێکی یەکلایی کەرەوەی دا
ریال مەدرید بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی دەکات

یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیوس بڕیارێکی یەکلایی کەرەوەی دا، بە هیچ شێویەک ئامادە نییە بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە.
رۆژنامەی ئاس ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید دانوستاندنەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیوس جونیۆر راگرتووە، لەوەتەی مانگی فێبرایەر/شوباتی رابردووەوە هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی نەکراوە، لەکاتێکدا تەنیا دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە و هاوینی 2027 دەتوانێت بێبەرامبەر یانە مەدریدییەکە بەجێبهێڵێت.
Vinicius, renovación en el aire https://t.co/dQyNVWfWPT
— Diario AS (@diarioas) July 20, 2025
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، ڤینیسیوس جونیۆر داوای مووچەی ساڵانەی 20 ملیۆن یۆرۆ دوای لێبڕینی باج دەکات، لەکاتێکدا کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ مووچە دوای لێبڕینی باج وەردەگرێت، ریال مەدرید ئامادە نییە لەو سنوورەی دایناوە بۆ مووچە و خەرجییەکانی، زیاتر بە ڤینی بدات.
رۆژنامەی ئاسی راشیگەیاندووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید گفتوگۆیەکانی راگرتووە و رەتیدەکاتەوە ئامادە بێت لەپێناوی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی چاوپۆشی لە رێنمایی و راسپاردە داراییەکانی یانەکەی بێت، گەرچی پێرێز ئامادەیە مووچەی ڤینی زیاد بکات، بەڵام ئامادە نییە بچێتە ژێرباری داواکارییە زۆرەکانی جونیۆر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاس، تاوەکو ساڵی داهاتوو گفتوگۆیەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی دەست پێ ناکەنەوە، لەکاتێکدا چەند نوێکردنەوەی گرێبەستی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە درەنگتر بێت، مەترسی لەسەر مانەوەی یاریزانەکە لە مەدرید زۆرتر دەبێت و ڤینیش لە گفتوگۆیەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی باڵادەستتر دەبێت.
لەلایەکی دیکە، ماریۆ کۆرتیگانا پەیامنێری تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک لە مەدرید ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید ناتوانێت داواکارییەکانی ڤینیسیوس جێبەجێ بکات، چونکە ئەگەر بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی ڤینی ئەوا هەڕەمی دارایی یانەکە بۆ پێدانی مووچە تێکدەچێت.
ماریۆ کۆرتیگانا ئاشکراشیکردووە، ریال مەدرید زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیوس دەکات، چونکە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی یانەکە لە رووی داراییەوە بەرەو هەڵدێر بچێت.
بە کۆی گشتی دانوستاندنەکان لە نێوان ریال مەدرید و ڤینی ئاسایی نین، پەیوەندییەکانیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان هاستیار و ئاڵۆزە، هەربۆیە تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ هیچ گفتوگۆیەکی دیکە ناکەن.
تۆماس مارتن گۆنزالێس رۆژنامەنووسی ئیسپانی راشیگەیاندووە، ڤینی داوای مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ دەکات و ریال مەدریدیش بە هەموو شێوەیەک ئەم داواکارییە رەتدەکاتەوە، بەرپرسانی ریال مەدرید خۆیان یەکلایی کردووەتەوە، یان تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستەکەی نوێدەکەنەوە، یان دەستبەرداری دەبن پێش ئەوەی بەخۆڕایی لە یانەکە بڕوات، لەکاتێکدا ئێستا نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی ملیارێک یۆرۆیە.
ڤینی ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 170 ملیۆن یۆرۆیە و یانەی ئەهلی سعوودی ئۆفەرێکی بە مووچەی ساڵانەی 200 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ڤینی کردووە، کە ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە بە درێسی مێرەنگی لە 322 یاری 106 گۆڵ و 83 ئەسیستی کردووە، کە هاوینی 2018 لە فلامینگۆی بەڕازیلییەوە بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لۆس بلانکۆس کرد.
دوایین هەواڵ و زانیارییەکان لەبارەی دۆخی ڤینیسیوس جونیۆر لە ریال مەدرید:
ڤینیسیوس دەکرێتە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ
ڤینیسیوس لە سەردەمی چابی ئاڵۆنسۆ گلەیی لە شوێنی یاریکردنی هەیە
بۆچی فلۆرێنتینۆ پێرێز و ڤینیسیوس لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان ناکۆکن؟
ڤینیسیوس جونیۆر لە ئینستاگرام هاندەرانی ریال مەدرید نیگەران دەکات