
یاریگا –
دهۆک بە بەدەستهێنانی جامی عێراق، بلیتێکی بەشداریکردنی لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 مسۆگەرکرد.
شەوی رابردوو 18ـی تەمموزی 2025، یاریی کۆتایی جامی عێراق کە لە یاریگای شەعب لە بەغدا بە ئامادەبوونی نزیکەی 40 هەزار هاندەری دهۆک و زاخۆ بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی لە کاتی ئاسایی و دوو نیوەی زیادکراو بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، دهۆک بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بە ئەنجامی 5-3 لە زاخۆی بردەوە و بووە پاڵەوان.
دهۆک بۆ یەکەمجار جامی عێراقی بەدەستهێنا و بووە یەکەم یانەی کوردستان لە مێژوودا ئەم جامە بەرز بکاتەوە، بەگوێرەی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەفەرمی هەڵۆکانی چیا بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2ـیان مسۆگەر کردووە.
بەهۆی ئەوەی دهۆک تاوەکو ئێستا رێگاپێدانی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیای بۆ بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکە وەرنەگرتووە، باس لەوە دەکرا یانەی زەوڕا لەبری دهۆک بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات، بەڵام شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند ئامادەکاری تەواو بۆ بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکە دەکەن و دهۆک بەشداریی دەکات.
سەرجەم رێکارە یاساییەکان پەیڕەو دەکەین و لە کاتی خۆیدا رێگاپێدانی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بۆ بەشدارییکردن لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 بەدەستدەهێنین و بە دڵناییەوە دهۆک وەرزی داهاتوو بەشداریی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
دهۆک ئەگەر رێگاپێدانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەدەست بهێنێت وەرزی داهاتوو بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەکات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەسڕی سعوودیش بەشدار دەبن.