
یاریگا –
هارون ئەحمەد، کاپتنی یانەی دهۆک پەیامێکی گرنگ بۆ هاندەران دەنێرێت و داوا دەکات سبەی دیوێکی جوان پیشانی هەموو هاندەرانی عێراق بدەن
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەغدا کۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەکەی دهۆک و زاخۆ بەڕێوەچوو، راهێنەرانی هەردوو یانە و دوو یاریزانی یانەکانیش پەیامی خۆیان گەیاند و باسی یارییەکەیان کرد.
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا؛
ئامادەکارییەکی باشمان کردووە و بەڵێنمان بە هاندەرانداوە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین، دەمانەوێت بە هەمان ئاستی یاریی پێشوو یاریی بکەین.
رەچاوی باری دارایی خەڵکمان کردووە و لەسەر داوای ئێمە نرخی بلیتی یاریی کۆتایی لە 10 هەزار دینارەوە بۆ 5 هەزار دینار کەمکرایەوە.
عەبدولغەنی شەهد راهێنەری زاخۆ؛
هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین، ناوبژیوان ناکەینە بیانو، ئەوان برای ئێمەن و فشاریان زۆر لەسەرە. ئێمە پشتمان بە هاندەرانمان قایمە و سبەی هێزی ئێمە لەناو یاریگا دەبینن.
شڤان جەمیل یاریزانی زاخۆ؛
هەموو شتێکمان بەباشی هێناوە، نامانەوێت نازناوەکە لەدەست بدەین، دەمانەوێت ئەمساڵ یەکەم نازناو بۆ زاخۆ بەدەستبهێنین.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری دهۆک؛
لاریمان لەوە نەبووە یارییەکە لە یاریگای نەورۆز بەڕێوەبچێت، بەڵام لەپێناو سەلامەتی و دووربوون لە گرژی و ئاڵۆزی وا باشتربوو یارییەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
کارمان لەسەر خاڵە لاوازەکان کردووە و متمانەمان بۆ تیپەکەمان گەڕاندووەتەوە و تیپەکە لەڕووی دەروونییەوە بەباشی ئامادەیە.
هارون ئەحمەد، کاپتنی دهۆک؛
من بە کوردی قسە دەکەم، ئێمە و زاخۆ براین و دەمانەوێت دیوێکی جوان پیشانی هەموو هاندەرانی عێراق بدەین، دهۆک و زاخۆ برا و دراوسێ و کەسوکاری یەکترین، پێویستە بەشێوەیەکی جوان دەربکەوین و هەموو گومانە خراپەکان بڕەوێنینەوە، هەر تیپێک براوە بوو پیرۆزی بێت.
دەمانەوێت دووەم نازناوی ئەم وەرزە بۆ دهۆک بەدەستبهێنین و هاندەرانمان دڵخۆش بکەین.
سنەی هەینی 18ـی تەمووزی 2025 هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە یاریگای نێودەوڵەتی شەعب رووبەڕوودەبنەوە.