
کیلیان ئێمباپێ دەبێتە هۆی ئەوەی پێنج پۆلیس بخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە پاش ئەوەی 180 هەزار یۆرۆیان لە ئەستێرە فەڕەنسییەکە وەرگرت.
بەگوێرەی رۆژنامەی فەڕەنسی لی کانارد ئینشان، ئێمباپێ وەک هەڵوێستێکی مرۆڤانە بڕی 180 هەزار و 300 یۆرۆی داوەتە پێنج پۆلیس کە ئەرکیان پاراستنی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بووە لە میانەی جامی جیهانی قەتەڕی 2022. ئەو پارەیەش لە خەڵاتە داراییە کەسییەکانی خۆی بەخشیوییەتی. دوای زیاد لە دوو ساڵ، لێکۆڵەڕی گشتی پۆلیسی فەڕەنسا کەیسێکی کردووەتەوە و ئەو پۆلیسانەی بە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبارکردووە چونکە بەڕێوبەرایەتی باج یان ئاگادارنەکردووەتەوە لە وەرگرتنی و هیچ باجێکی لێ نەداوە. هۆکارێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەش ئەوەیە کە رەنگە ئەم کارە بچێتە چوارچێوەی بەرتیلەوە بەهۆی ئەوەی کارمەندی حکومیی پارەی بۆ مەبەستی تایبەت لە خەڵک وەرگرتووە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئێمباپێ رایگەیاندووە هەموو کارەکانی بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا ئەنجامداوە و ئامادەن هاوکاریی لێکۆڵینەوەکە بکەن. پێناچێت ئەستێرە فەڕەنسییەکە خۆی رووبەرووی هیچ دادگاییەک ببێتەوە بەڵام کارێکی خێرخوازیی و مرۆییانەی رەنگە ببێتە هۆکاری سەرخواردنی پێنج پۆلیسی وڵاتەکەی.