عێراقگرنگترین

فەرمی؛ تیروپشکی پاشکۆی پاڵاوتنی کیشوەری ئاسیا بۆ جامی جیهانی 2026 راکێشرا

شێرەکانی رافیدەین دوو دەرفەتیان لەپێشە..

Yariga App

یاریگا –

تیروپشکی پاشکۆی پاڵاوتنی کیشوەری ئاسیا بۆ جامی جیهانی 2026 راکێشرا و ئەرکی هەڵبژاردەی عێراق قورسە.

لە قۆناخی چوارەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 شەش هەڵبژاردە ماون، هەریەکە لە سعوودیە، قەتەڕ، عێراق، ئیمارات، عومان، ئیندۆنیزیا ململانێ لەسەر دوو بلیتەکەی دیکەی کیشوەری ئاسیا دەکەن، چونکە شەش بلیت یەکلایی بوونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەمموزی 2025 تیروپشکی پاشکۆی پاڵاوتن راکێشرا، لە کۆمەڵەی یەکەم عومان، ئیماڕات و قەتەر رووبەڕوو دەبنەوە و لە کۆمەڵەی دووەمیش ئیندۆنیزیا، عێراق و سعوودیە رووبەڕوودەبنەوە، یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.

یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم لە سعوودیە بەڕێوەدەچن، شەممە 11ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریی رووبەڕووی ئیندۆنیزیا دەبێتەوە و لە 14ـی مانگیش بەرامبەر سعوودیە یاریی دەکات.

هەریەکە لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئێران، ئوردن، ئۆزباکستان، ئوستڕالیا گەیشتنیان بە مۆندیالی 2026 یەکلایی بووەتەوە، ئێستا دوو بلیت و نیو ماونەتەوە بۆ ئەوەی عێراق ململانێیان بۆ بکات.

هێشتا شێرەکانی رافیدەین دوو دەرفەتیان لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی بگەنە مۆندیالی 2026، گەرچی شەش بلیتی کیشوەرەکە یەکلایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا دوو بلیت و نیو ماوە و عێراق دوو رێگای دیکەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا.

نیو کورسییەکەی ئاسیا لە مۆندیالی 2026 چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟

ئەگەر عێراق لە قۆناخی پاشکۆ نەتوانێت یەکەمی ئەو دوو کۆمەڵەیە بەدەست بهێنێت و دوو بلیتەکەی دیکەشی لەکیس بچێت، ئەوا هێشتا ترووسکاییەکی بچووک دەمێنێت بۆ ئەوەی شەڕی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بکات، بەڵام بەو مەرجەی پلەی دووەمی یەکێک لەو دوو کۆمەڵەیە بەدەست بهێنێت، ئەگەر پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت ئەوا بە تەواوەتی لە گەیشتن بە مۆندیال بێ هیوا دەبێت.

ئەگەر عێراق لەو دوو کۆمەڵەیەی قۆناخی پاشکۆ پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، ئەوا لەگەڵ دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە رووبەڕوو دەبنەوە بۆ ئەوەی یەکلایی بکەنەوە کامیان نوێنەرایەتی ئاسیا دەکات بۆ بەدەستهێنانی نیو کورسییەکەی کیشوەرەکە، دوای ئەوەی لە نێوان دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە براوە یەکلایی بووەوە، ئەو هەڵبژاردەیەی سەردەکەوێت رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی ئەمریکای باشوور یان ئۆقیانووسیا دەبێتەوە، بۆ ئەوەی کورسییەک لە نێوان کیشوەرەکان یەکلایی بکەنەوە.

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.

عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button