
یاریگا –
وادیارە چارەنووسی رۆدریگۆ لەگەڵ ریال مەدرید گەیشتووەتە لاپەڕەی کۆتایی و ئێستا ئیتر پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و یانە خوازیارەکانی دەیانەوێ گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن.
لە یارییەکانی مۆندیالی یانەکان ئاماژەکانی رۆشتنی ئەستێرە بەڕازیلیەکە تۆختر دەرکەوتن و هاتنی چابی ئاڵۆنسۆش لەدوای کارلۆ ئانچێلۆتی نەیتوانی بابەتی رۆدریگۆ و خواستەکانی بۆ مانەوە یەکلایی بکاتەوە. تا گەیشتە ئەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی دوای شکستە قورسەکەیان لەسەردەستی پاریس بە روونی رایگەیاند کە لە پلانەکانی ئەودا وا بە باش دەزانی یاریی بە بژاردەکانی دیکە بکات نەک رۆدریگۆ.
بەگوێرەی نوێترین پێشهات کە ئێدواردۆ بورگۆسی رۆژنامەنووسی ئاس بڵاویکردووەتەوە، یانەی لیڤەرپوول لە رۆژانی/هەفتەکانی داهاتوودا نوێنەرێکی خۆی بە ناوی پینی زەهاڤی دەنێرێتە مەدرید بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ ریال مەدرید سەبارەت بە گواستنەوەی رۆدریگۆ.
زەهاڤی وەک نێوەندگیرێک دەچێتە مەدرید و رەنگە لەگەڵ خۆیدا بە دەستی پڕ بگەڕێتەوە لیڤەرپوول، بەوپێیەی ماوەیەکە رێدز هاوشانی یانەکانی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی خواستی راستەقینەی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پیشانداوە.
🚨 JUST IN: Liverpool will send agent Pini Zahavi to Madrid in the next days/weeks to start official negotiations with Real Madrid for Rodrygo.
Zahavi will act as an intermediary. @edu17burgos pic.twitter.com/7usVx4p31k
— Madrid Zone (@theMadridZone) July 15, 2025
هەفتەی رابردوو رۆژنامەنووسی سکای سپۆرتس، ساشا تاڤۆلیێری ئاشکرایکرد ئارسیناڵ چاوی بڕیووەتە تواناکانی رۆدریگۆ، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان رۆژنامەنووس ئەگەریش لویس دیاز لیڤەرپوول جێبهێڵێت ئەوا رێدز بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ ململانێی ئارسیناڵ دەکات.
رۆدریگۆ لە هاوینی 2019 بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە سانتۆسەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 90 ملیۆن یۆرۆیە.
بەدرێسی ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 270 یاریی کردووە، 68 گۆڵی کردووە و 51 گۆڵی دروستکردووە.