
یاریگا –
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر کۆتایی هات، لەکۆی 206 ئەندامی ئامادەبوو لە دەستەی گشتی 203 ئەندام دەنگیان دا.
کەمێک لەمەوبەر دەنگدانی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێڕ بەڕێوەچوو، 203 ئەندام دەنگیان داوە و ئێستا دەنگەکان لێکدەکرێنەوە و ئەنجامەکە ئاشکرا دەبێت، کە پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکە دەستپێبکات 10 بەربژێر کشانەوە.
22 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر خۆیان کاندید کردووە و 10 بەربژێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکە لە کاندید بوونیان پەشیمان بوونەوە و خۆیان کشاندەوە.
هەریەکە لە بێجان ئیبراهیم، موسا موحسین، مۆفەق یونس، ئەحمەد شکور، رێبین رەمزی، رێبوار محێدین، بەسیم عیسا، ئەحمەد خەلیل، سروود غازی، محەمەد سەلیم پێش دەستپێکی هەڵبژاردنەکە خۆیان لە بەربژێرکردن کشاندەوە.
پێشتر کۆتایی ساڵی 2024 وابڕیاربوو هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بکرێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی کێشە و بۆچوونی جیاواز لە نێوان کاندیدەکان، حەفت مانگ لەمەوبەر بڕیاردرا هەڵبژاردن نەکرێت و تاوەکو ئێستا دوو جار دەستەی کاتی یانەکە گۆڕاوە.
چوار ساڵ لەمەوبەر، رۆژی 7ـی نۆڤێمبهری 2021 لە هۆڵی رۆشنبیری زانكۆی سەڵاحەدین هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی كارگێری یانەی هەولێر كرا و 306 ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، تەنیا 263 كەس دهنگیاندا، 9 كەس وەكو دەستەی كارگێری و 3 كەسیش وەكو ئەندامی یەدەگی دەستە هەڵبژێردران، عەبدوڵڵا مەجید سەرۆكی پێشووتری یانەی هەولێر زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەكانی 2021 بەدەستهێنا، بەڵام دواتر بڕیاری كشانەوەی دا.
له 13ـی ئایار/مایۆی 2024 چوار ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە،بەهۆی ئەوەی تەنیا سێ ئەندامی دەستەی کارگێڕی مانەوە، دەستەکە لە رووی یاساییەوە کۆتایی پێهات، دهستهیەکی كاتی بۆ یانهی ههولێر پێكهێنرا.