
یاریگا –
ریال مەدرید لە رێوڕەسمێکدا کارێراس بەرگریکاری نوێی یانەکەی ناساند و بەرگریکارە ئیسپانییەکە درێسی ژمارە 18 دەپۆشێت.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئالڤارۆ کارێراس بەرگریکاری ئیسپانی بە میدیاکان ناسێنرا، وەکو نەریتی یانە مەدریدییەکە، کارێراس لە بەردەم نازناوەکانی چامپیۆنزلیگی یانەکە درێسی ریال مەدریدی بەرزکردەوە و درێسی ژمارە 18 دەپۆشێت.
کارێراس دوای ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکانی لە کۆمەڵگای پزیشکی سانیتاس تێپەڕاند، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کرد و بە ئامادەبوونی هاوڕێ و ماڵباتەکەی بە میدیاکان ناسێنرا.
ئالڤارۆ كارێراس لە رێوڕەسمی ناساندنەکەی گوتی :”سوپاسی سەرۆک پێرێز و ریال مەدرید دەكەم بۆ ئەو متمانەیەی بە منیان کرد، وەک منداڵێک رۆیشتم و وەک پیاوێک گەڕامەوە، شانازییە درێسی باشترین یانەی جیهان دەپۆشم. هالا مەدرید”.
فلۆرێنتینۆ پێرێزیش گوتی: كارێراس خەونت ئەوە بوو رۆژێک لە ریال مەدرید یاریی بكەیت، ئەمڕۆ خەونەكەت هاتە دی، دین هاوسن، ترێنت ئالێكساندەر ئارنۆڵد، ئالڤارۆ كارێراس، ماستانتونۆ و چابی ئاڵۆنسۆ یانەكەمان باشتر دەكەن”.