گرنگترینمۆندیالی یانەکان

چوار یانە راستەوخۆ پشکی بەشداری کردنی لە مۆندیالی یانەکانی 2029یان وەرگرت

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا مۆندیالی یانەکانی 2025 کۆتایی هات، چوار یانە لە ئێستاوە پشکی بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی داهاتووی ساڵی 2029ـیان مسۆگەر کرد.

لەکاتێکدا مۆندیالی 2025 کە یەکەم وەشانی نوێی بە بەشداری کردنی 32 تیپ بەڕێوە چوو، بە پاڵەوانبوونی چێڵسی کۆتایی هات، ئێستا چاوەکان لەسەر خولی داهاتووە کە لە ساڵی 2029 بەڕێوەدەچێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە چێڵسی پاڵەوانی ئەم ساڵ راستەوخۆ سەرناکەوێت بۆ خولی داهاتوو. دەبێت لە ساڵانی داهاتوودا بە بردنەوەی نازناوەکان و رکابەری کردنی لە پاڵەوانەتییەکان پشکی بەشداری کردن بەدەس بهێنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە 4 تیپ پێشتر بلیتەکانیان بۆ مۆندیالی 2029 مسۆگەر کردووە.

یەکەم یانە کە سەرکەوت بۆ مۆندیالی 2029، ئەهلی سعودییە. یانە سعودیەکە بە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ پاڵەوانێتی داهاتووی مۆندیالی یانەکان سەرکەوت.

دووەم تیپی سەرکەوتوو پاریس سانجێرمان بوو کە لە یاری کۆتایی ئەم وەرزەدا بە چێڵسی دۆڕا و لە جامەکە بێبەش بوو. بەهۆی بردنەوەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ بلیتی بەشداری کردنیان بەدەستهێنا.

هەروەها یانەی پیرامێدسی میسری پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئەفریقا و کروز ئازولی مەکسیکی پاڵەوانی کۆنکاکاف بلیتێکی بەشداری کردنیان بەدەستهێنا.

ئەم چوار یانەیە بۆ مۆندیالی یانەکانی 2029 سەرکەوتن سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا میوانداری پاڵەوانێتییەکە دیار نییە. هێشتا روون نییە کە ئایا پاڵەوانێتییەکە وەک ئەمساڵ جارێکی دیکە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت یان قەتەر دەتوانێت مافی میوانداریکردن لە ئەمریکییەکان وەربگرێت.

پێدەچێت فیفا مەیلی ئەوەی هەبێت جامی جیهانی یانەکانی 2029 لە سێ وڵاتی ئیسپانیا، پورتوگال و مەغریب بەڕێوەبچێت. سێ وڵاتەکە دوای ساڵێک میوانداری مۆندیالی 2030 دەکەن، فیفاش دەتوانێت ئاستی ئامادەیی ئەم وڵاتانە بۆ میوانداری کردنی مۆندیال هەڵبسەنگێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button