
یاریگا –
ریال مەدرید لە بەدەستهێنانی داهات ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و وەرزی رابردوو یانە ئیسپانییەکە زیاتر لە ملیارێک یۆرۆی دەستکەوتووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکاـی ئیسپانی، ریال مەدرید بووە یەکەم یانەی وەرزشی کە لە وەرزی 2023-2024 دا رێژەی داهاتی یەک ملیار یۆرۆ تێپەڕاندووە، لە سەردەمی فلۆرێنتینۆ پێرێزدا، یانەکە لەو وەرزەدا داهاتی ملیارێک و 45 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا وەرزی پێشووتر 832 ملیۆن یۆرۆ بوو، مانچێستەر سیتی و پاریس سان جێرمان بە رێژەی 837 ملیۆن یۆرۆ و 805 ملیۆن یۆرۆ لە پلەکانی دووەم و سییەم بوون.
رۆژنامە مەدریدییەکە راشیگەیاندووە، ریال مەدرید ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و جارێکی دیکە بەهێزی پڕۆژەکەیان نیشان دا، داهاتی پێشبینیکراوی یانەکە بۆ وەرزی 2025-2026 نزیکەی یەک ملیار و 300 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، هەروەها یوێفا ستایشی رەوشی کارگێڕی و دارایی ریال مەدریدی کردووە و وەک مۆدێلێک بۆ یانەکانی دیکە پێشکەشی کردووە.
بودجەی لۆس بلانکۆس لەم وەرزەدا گەیشتە ملیارێک و 127 ملیۆن یۆرۆ، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت داهاتی کۆتایی لە ملیارێک و 200 ملیۆن یۆرۆ نزیکتر بێت، لەکاتێکدا ریال تەنیا گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە ئەنجامدا لە داهاتی خەڵاتی وەرزشی و فرۆشتنی بلیت بۆ قۆناخی پێش کۆتایی و کۆتایی بێبەش بوو.
لە بەرامبەردا 74 ملیۆن یۆرۆی دیکە کە لە کاتی گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان بەدەستیان هێنا. پاریس سانجێرمان 126 ملیۆن یۆرۆ لە ئەگەری بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە وەردەگرێت، چێڵسیش لە ئەگەری بوون بە پاڵەوان 110 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.