
یانەی فینارباهچەی تورکی لە ڤیدیۆی راگەیاندنی ئارچی براون گاڵتە بە ئەیسی میلان دەکات پاش ئەوەی یاریزانەکە رۆسۆنێری رەتکردەوە لەپێناو یانەکەی خولی تورکی.
ئەو ئەیسی میلانەی لە رابردوودا خەونی هەموو یاریزانێک بوو ئێستا گەیشتووەتە دۆخێک کە یاریزانێکی تازە دەرکەوتوو بڕیار دەدات رووبکاتە فینارباهچە لەبری ئەوان. هەردوو یانە رکابەرییان دەکرد لەسەر ئەو یاریزانە، هەرچەندە میلان زووتر هەوڵیدا و نزیک بوو لەوەی پەیوەندی بە رۆسۆنێرییەوە بکات بەڵام سەرەنجام براون تورکیای هەڵبژارد بەسەر ئەو یانەیەی حەوت جار خولی پاڵەوانەکان دا.
لە ڤیدیۆی راگەیاندنەکەی فینارباهچەدا ، دوو فڕۆکە بە ئاسمانەوەن یەکیان بە رەنگەکانی ئەیسی میلان و ئەوەی دیکەیان فینارباهچە، سەرەتا لەنێو فڕۆکەکەدا رادیۆکە باسی پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە دەکات بە ئەیسی میلانەوە بە ئیتاڵی بەڵام گرەی داوای گۆڕینی وێستگەی رادیۆ دەکات و لەوەی دووهەم دا بڕیاری گواستنەوەی بۆ فینارباهچە رادەگەیەنرێت.
📍 Archie Brown İstanbul’da! pic.twitter.com/k8n3X1uMgm
— Fenerbahçe SK (@Fenerbahce) July 12, 2025
ئارچی براون لە پێگەی بەرگریکاری باڵی چەپ یاری دەکات. رەگەزنامەی ئینگلیزییە و تەمەنی 23 ساڵە، تەنها یاری بۆ یانەکانی لۆزانی سویسری و خینتی بەلجیکی ئەنجام داوە. بڕیار وابوو ببێتە جێگرەوەی تیۆ هێرناندێز لە ئەیسی میلان پاش ئەوەی ئەستێرە فەڕەنسییەکە روویکردە خولی سعوودی.