عێراقکوردستانگرنگترین

پەیامی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی دهۆک و زاخۆ بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق

Yariga App

یاریگا –

دوای سەرکەوتنی دهۆک و زاخۆ بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە و هیوای سەرکەوتن بۆ دوو یانەکەی کوردستان دەخوازن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی دوو یانەکەی کوردستان کردووە و نووسیویەتی :’لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ دەکەم بۆ گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی جامی عێراق، هەردوو یانەکە و یاریزانەکانی جێگای شانازین، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم’.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ دوو یانەکەی بادینان خواستووە و سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە پلاتفۆرمی ئێکس دوای سەرکەوتنی دهۆک و زاخۆ بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق نووسیویەتی :’ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکی گەوەرەیە بۆ تەواوی کوردستانیان، هیوای من سەرکەوتنی ئێوەیە’.

دهۆک و زاخۆ بە بردنەوەیان لە قوە جەوییە و شوڕتە بۆیەکەمجار لە مێژوویاندا گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی عێراق و بۆیەکەمجار لە مێژوودا بەدەستهێنانی جامی عێراق لەلایەن یانەیەکی کوردستان مسۆگەر بوو، کە پێشتەر هەرگیز هیچ یانەیەکی کوردستان نازناوەکەی بەدەست نەهێناوە.

رۆژی چوارشەممە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان دهۆک و زاخۆ لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی یاریگای یارییەکە دەستنیشان نەکراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button