راپۆرتی تایبەت؛ سەرۆکی مێرسێدێس رووناکی سەوز بۆ گواستنەوەی ڤێرستاپن هەڵدەکات
چوار هۆکار وادەکەن ماکس بە ئۆفەرەکەی مێرسێدێس رازی بێت

یاریگا –
مێرسێدێس هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری هۆڵەندی دەستپێدەکاتەوە.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ئۆلا کاڵینیەس بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێرسێدێس بێنز رووناکی سەوزی بۆ تیمەکەی هەڵکردووە تاوەکو ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵ پێشکەش بکەن.
ماکس ڤێرستاپن تاوەکو 2028 گرێبەستی لەگەڵ تیمی رێدبوڵ هەیە، بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 102 ملیۆن یۆرۆیە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیتاڵییەکە، مێرسێدێس دەیەوێت ئەو بڕگەیە چالاک بکات و ماکس بەرەو تیپەکەی بگوازێتەوە.

ئەمساڵ ئاستی تیمی رێدبوڵ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و شۆفێرە هۆڵەندییەکەش رەخنەی تووندی ئاراستەی بەرپرسانی تیمەکەی کردووە، مێرسێدێسیش ئارەزووی گواستنەوەی دەکات و ئەمەش رێگە بۆ روودانی گرێبەستەکە خۆشدەکات.
هاوکات چوارشەممەی رابردوو 9ـی تەمووز، بەشێویەکی فەرمی کریستیان هۆرنەر، سەرۆکی تیمی رێدبوڵ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ماکس پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هۆرنەر هەبوو، ماڵاوایی ئەو سەرۆکە هۆکارێکی دیکەی بەهێزە بۆ ئەوەی ڤێرستاپن بە ئۆفەری ئەمجارەی مێرسێدێس رازیبێت.
لە یەکەم بردنەوەم تاوەکو چوارەم نازناوی پاڵەوانی جیهان، سەرکەوتنی باوەڕپێنەکراومان بەیەکەوە بەدەستهێنا، چەندین بردنەوەی پڕ یادگاری و شکاندنی ژمارە پێوانەیی بێشومار، سوپاس بۆ هەموو شتێک کریستیان — پەیامی ماکس دوای ماڵاوایی هۆرنەر

جیا لەوەش لە ساڵی 2026 رێسای نوێی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ جێبەجێکرانی ئەو رێسایە تیمی مێرسێدێس بە بەهێزی بگەڕێتەوە نێو کێبڕکێکان و ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وادەکەن ماکس روو لە تیمەکە بکات.
مێرسێدێس پاش پەیوەندیکردنی لویس هامڵتن بە تیمی فێراری، کەلێنێکی گەورەی بۆ دروست بووە و تاوەکو ئێستا بژاردەیەکی گونجاوی نەدۆزیوەتەوە.
هاوکات گرێبەستی هەردوو شۆفێر جۆرج رەسڵ و کیمی ئەنتۆنێلی لە 2025 کۆتایی دێت، مێرسێدێس بۆ گواستنەوەی ماکس هیچ بەربەستێکی لەبەردەم نییە.

یەکگرتنی ماکس و مێرسێدێس چیدیکە تەنیا خەیاڵ نییە
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای ئیتاڵیا، ماکس ڤێرستاپن و تۆتۆ وۆڵف، بەڕێوبەری تیمی مێرسێدێس بە نهێنی چاویان بە یەکتر کەوتووە و گفتوگۆی گرێبەستەکەیان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئیتاڵییەکە، مێرسێدێس لە گفتوگۆکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و بە ئەگەریکی زۆر بۆ ساڵی 2026 ماکس پەیوەندی بە مێرسێدێس دەکات.
لویس هامڵتن، شۆفێری تیمی فێراری لەکاتی بەڕێوەچوونی خەڵاتی مەزنی بەریتانیا. لەبارەی دەنگۆی پەیوەندیکردنی ماکس بە مێرسێدێس هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە و پەیوەندیکردنی ئەو شۆفێرە هۆڵەندییە بە هەنگاوێکی باش وەسف دەکات و بڕوای وایە ماکس باشترین بژاردەیە بۆ تیمەکەی پێشووی.
تۆتۆ وۆڵف، لە دوو ساڵی رابردوو بە ئاشکرا خواستی خۆی بۆ گواستنەوەی ماکس دەربڕیووە، بەڵام ماکس مانەوەی لە رێدبوڵ هەڵبژاردبوو، سەرجەم ئۆفەرە گەورەکانی مێرسێدێسی رەتکردووەتەوە.
ماکس ڤێرستاپن لە چوار ساڵی رابردوو بەدوای یەک پاڵەوانی جیهان بووە، بەڵام ئەمساڵ دۆخی تیپەکە خراپە و پێناچێت نە ماکس و نە تیپەکە بتوانن شەڕی نازناوەکە بکەن.
فەرمی؛ سەرۆکی رێدبوڵ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و شوێنگرەوەی دەستنیشانکرا