تایبەت بە یاریگا؛ هەڵۆ فایەق گرێبەست لەگەڵ گەرمە واژۆ دەکات و هەولێر بەجێدەهێڵێت
وەرزی داهاتوو درێسی پرتەقاڵییەکان دەپۆشێت

یاریگا
هەڵۆ فایەق بۆ ماوەی وەرزێک گرێبەستی لەگەڵ گەرمە واژۆ کردووە و ریزەکانی هەولێر بەجێدەهێڵێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، هەڵۆ فایەق بەرگریکاری هەولێر لەگەڵ گەرمە گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ماوەی وەرزێک گرێبەست لەگەڵ ئەو یانەیە واژۆ دەکات، کە لەوەتەی ساڵی 2020 درێسی یانەکەی قەڵاومنارەی دەپۆشی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەڵۆ فایەق گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر کۆتایی هاتووە و چوونی بۆ یانەی گەرمە هەڵبژاردووە، کە ئەو یانەیە لە میرکاتۆی ئەم هاوینە لەسەر ئاستی یانەکانی عێراق تا ئێستا زۆرترین پارەی خەرجکردووە و ئەحمەد حەسەن مەکنزی بەرگریکاری نەجەف و ئەموری فەیسەڵ ناوەڕاستکاری لاوی کارەباشی گواستووەتەوە ریزەکانی.
بەرگریکارە 24 ساڵانەکەی گەرمیان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشداریی 35 یاریی یانەکەی کرد و 3 گۆڵ و 6 ئەسیستی کرد و لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت بەهای 200 هەزار یۆرۆیە.