فەنەرباچێ هەوڵی گواستنەوەی هێرشبەرەکەی ئینتەرمیلان دەدات

یاریگا –
میدیاکانی ئیتاڵیا و تورکیا بانگەشەی خواستی فەنەرباچێ بۆ مەهدی تارێمی، هێرشبەری ئێرانی ئینتەر میلان دەکەن.
مەهدی تارێمی هاوینی رابردوو دوای تەواو بوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ پۆرتۆ پەیوەندی بە ئینتەرمیلانەوە کرد و وەرزی 2024-2025 لەگەڵ نیرازۆری بەڕێ کرد. بە گشتی 43 یاری فەرمی بۆ تیپەکە کرد و 3 گۆڵ و 9 ئەسیستیشی هەبوو؛ ئاستێک کە هەرچەندە لە رووی تۆمارکردنی گۆڵەوە نزم بوو، بەڵام زۆرجار لەلایەن پسپۆڕانەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی لە داڕشتنی هێرشەکان و دروستکردنی یاریکردندا جێگەی سەرنج بوو.
ئێستا لەگەڵ دەستپێکی گواستنەوەی هاوینە، میدیا و رۆژنامەنووسانی ئیتاڵیا و تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فەنەرباچێ هەوڵی گواستنەوەی هێرشبەرە ئێرانییەکەی داوە. بەگوێرەی راپۆرتەکان، یانەکەی ئیستانبوڵ هیوادارە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی تارێمی و لێهاتوویی خوێندنەوەی یارییەکان، هێڵی هێرشبەری بەهێزتر بکات.
💥 Fenerbahçe, Mehdi Taremi ile ilgileniyor. (Di Marzio) pic.twitter.com/o5ulS30cY0
— Nexus Sports (@nexustransfer) July 8, 2025
هاوکات راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فولهامی ئینگلیزیش چاودێری دۆخی یاریزانە تەمەن 32 ساڵەکە دەکات و رەنگە بچێتە کێبڕکێی گواستنەوەی ئەو یاریزانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تارێمی کە لە مۆندیالی 2022ش ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد، تا ئێستا بڕیاری کۆتایی خۆی بۆ وەرزی داهاتوو نەداوە.
فەنەرباچێ کە پێشتر جۆن دۆرانی لە نەسڕی سعودیەوە گواستەوە، تا ئێستاش لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا چالاکە، هەروەها ناوی یاریزانانی وەک مارکۆ ئەسینسیۆ لە بژاردەکانی یانەکەدایە.