تایبەت بە یاریگا؛ زاخۆ و دهۆک دەیانەوێت ناوەڕاستکارێکی هەولێر بگوازنەوە
عەبدولغەنی شەهد دەیەوێت وەرزی داهاتوو رەوا یوسف یاریی بۆ بکات

یاریگا –
دهۆک و زاخۆ دەیانەوێت لەم هاوینە رەوا یوسف بگوازنەوە ریزەکانیان و راهێنەرێکی بەناوبانگی عێراقی دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت ئەو کوڕە هەولێرییە بکاتە یاریزانی خۆی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دهۆک و زاخۆ دەیانەوێت رەوا یوسف ناوەڕاستکاری هەولێر بگوازنەوە ریزەکانیان، کە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی تەواو بووە و نزیکە لەم هاوینە یانەکەی قەڵاومنارە بەجێبهێڵێت، پێشبینی دەکرێت وەرزی داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهد لە زاخۆ یان زەوڕا یاریی بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، عەبدولغەنی شەهد راهێنەری زاخۆ زۆر بە رەوا یوسف سەرسامە و دەیەوێت ئەو یاریزانە 30 ساڵانە بگوازێتەوە ریزەکانی، تەنانەت عەبدولغەنی شەهد ئەگەر بۆ وەرزی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی زەوڕاش بگرێتە ئەستۆ، رەوا یوسف لەگەڵ خۆی دەگوازێتەوە ریزەکانی ئەو یانەیەی بەغدا.
رەوا یوسف گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر کۆتایی هاتووە و بڕیاریداوە ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت، کە لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 34 یاری دوو هەزار و 579 خولەک یاریی کرد و گۆڵێک و دوو ئەسیستی تۆمارکرد.
رەوا یوسف لەدایکبووی 28ـی تەممووز/یۆلیۆی 1994 پێشتر لە ریزی یانەکانی دهۆک و گازی باکوور و پێشمەرگەی هەولێریش یاریی کردووە.