
یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل لەلایەن دادگای ئیسپانیاوە بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ناچار نابێت سزاکەی لە زینداندا بەسەر ببات.
بەگوێڕەی بڕیارەکەی دادگا، کارلۆ سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام جیا هەر بڕیارێکی دادوەری دیکە، تۆمەتبار و پارێزەرەکانی بە سزاکەیان دڵخۆش بوون. راهێنەری پێشووی چێڵسی و ئێڤەرتۆن تۆمەتبار کرابوو بەوەی لە یەکەم وەرزی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لە ساڵی 2013 تا 2015 بڕی یەک ملیۆن و 62 هەزار یۆرۆ باج لەسەر مووچەکەی نەداوە.
بی بی سی لە راپۆرتێکی تایبەتدا نووسی، ئانچێلۆتی و پارێزەرەکانی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا رازین. پێیان وایە بڕیاری دادگا بۆ ئەوان مانای سەرکەوتنە. چونکە داواکاری گشتی داوای لە دادوەر کردبوو سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر ئانچێلۆتیدا بسەپێنێت بەڵام دواجار بڕیارەکە بۆ یەک ساڵ زیندانی و پێبژاردن کەم کرایەوە و ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ناچار نییە تا وادەی کۆتایی هاتنی سزاکەی لە زیندان بمێنێتەوە.
He was accused of failing to pay 1m euros in tax on his salary during his first spell in charge of Real Madrid from 2013 to 2015. pic.twitter.com/Jmk1doA3v2
— BBC Sport (@BBCSport) July 9, 2025
بەگوێڕەی یاسای ئیسپانیا، هەر سزایەکی کەمتر لە دوو ساڵ بۆ تاوانێکی دوور لە توندوتیژی، بە دەگمەن پێویستی بە زیندانیکردنی تۆمەتبارێک هەیە کە پێشتر سزای نەبووە.
لە ساڵی 2015دا ئانچێلۆتی بە تۆمەتی هاوشێوە دادگایی کرا، بەڵام توانی بیسەلمێنێت کە بەگوێڕەی یاسا رەگەزنامەی ئیسپانیای بەدەستهێناوە و لە ئەنجامدا مافی هەندێک لێخۆشبوونی لە باج هەیە. بەڵام لە دۆسیەی راگەیاندنی درۆ لە ساڵی 2014دا، دادگا کارلۆی بە تاوانبار زانی.
لە دۆسیە نوێیەکەدا راهێنەرە ئیتاڵییەکە رایگەیاندووە کە فۆڕمی باجەکەی هەڵەیەکی تێدابووە و هیچ نیازی شاردنەوەی داهاتەکەی نەبووە، هەر بۆیە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج ئەو ناگرێتەوە. جگە لە سزای زیندانیکردن، ئانچێلۆتی دەبێت بە بڕی 386 هەزار یۆرۆ پێبژاردن بداتە دەسەڵاتی باجی ئیسپانیا.
داواکاری گشتی ئانچێلۆتی تۆمەتبار دەکات بەوەی کۆی گشتی بڕی 1,062,079 یۆرۆی قەرزداری دەسەڵاتی باج بووە لە یەکەم وەرزی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، لە ساڵی 2014 (386,361 یۆرۆ) و 2015 (675,718 یۆرۆ).
پێشووتریش لیۆنێل مێسی کە یاریزانی بارسێلۆنا بوو ە تۆمەتی هاوشێوە، سەرەتا لە ساڵی 2017دا سزای 21 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکە کەمکرایەوە بۆ پێبژاردنی 252 هەزار یۆرۆ و هیچ سزایەکی زیندانیکردنی نەبوو. کریستیانۆ رۆناڵدۆش لە ساڵی 2019دا بڕی 18.8 ملیۆن یۆرۆی پێبژاردن دا.