دوایین پەرەسەندن؛ ریال مەدرید ناچار دەکرێت ئەم هاوینە کۆناتێ بگوازێتەوە

یاریگا –
دوای ئەوەی ئیبراهیما کۆناتێ دوو ئۆفەری لیڤەرپوولی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکی رەتکردەوە، یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت لەم هاوینە بەرگریکارەکەی بفرۆشێت، نەک هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد بچێتە ریال مەدرید.
تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک ئاشکرایکردووە، لیڤەرپوول دەیەوێت لەم هاوینە دەستبەرداری ئیبراهیما کۆناتێ بەرگریکارە 26 بێت، چونکە رێدز دوو ئۆفەری جیاوازی پێشکەشی ئەو بەرگریکارە فەڕەنسییە کرد بەڵام رەتیکردەوە ئامادە بێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، کە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
کۆناتێ کە هاوینی 2021 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە لایزپیگەوە روویکردە ریزەکانی رێدز و ئێستا بەهایەکەی لە بۆرسەی یاریزانان 60 ملیۆن یۆرۆیە، دەیەوێت هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام لیڤەرپوول بڕیاریداوە لەم هاوینە دەستبەرداری بێت، بۆ ئەوەی ناچار نەبێت بەخۆڕایی لدەستی بچێت.
گیلێرمۆ رای لە ئاتلێتیک رایگەیاندووە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەی دەچن کۆناتێ گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ دەکات، دوو مانگ ماوە دەرگای گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان دابخرێت، با بزانین لەم دوو مانگە چی روودەدات.
کۆناتێ لەگەڵ لیڤەرپوول لە 132 یاری 5 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە و پێنج نازناویشی بۆ رێدز بەدەستهێناوە.