
یاریگا –
ئانخێل دی ماریا گەشتە دوورودرێژەکەی ئەوروپای کۆتایی پێهێنا و لە رێگەی یانەیەکەی وڵاتەکەیەوە گەڕایەوە خولی ئەرجەنتینی.
دی ماریا کە ئێستا تەمەنی 37 ساڵە، نزیکە 20 ساڵ پێش ئێستا و بەدیاریکراویی لە ساڵی 2007 لە ریزەکانی رۆزاریۆی ئەرجەنتینەوە گواسترایەوە بۆ بێنفیکای پۆرتوگالی کە ئەوە دەستپێکی کاروانە ئەوروپیەکەی بوو. هەر لەوێش بوو خۆی بە گەورەکانی کیشوەری پیر ناساند بەجۆرێک درێسی یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان و یوڤێنتوسی پۆشی بەرلەوەی لە 2023 بگەڕێتەوە بۆ بێنفیکا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمی یانەی رۆزاریۆ کە هەر خۆشی لەو شارە لەدایکبووە، ئەفسانە ئەرجەنتینیەکە بە چاوی گریانی پڕ سۆزەوە وەک یاریزانی نوێی ناسێنرا و درێسەکەی بەرزکردەوە.
Fideo somos todos. No hace falta decir más. #BienvenidoÁngel 💙💛 pic.twitter.com/cXuRT7s6d8
— Rosario Central (@RosarioCentral) July 7, 2025
ئەگەرچی ئەمڕۆ دی ماریا بە درێسی رۆزاریۆوە بینرا، بەڵام رێککەوتنەکە هەر لە کۆتاییەکانی مانگی مایۆ/ئایاری ئەمساڵ راگەیەندرا کە ئانخێل دای یارییەکانی مۆندیالی یانەکان وەک یاریزانی ئازاد دەگەڕێتەوە یەکەم یانەی لێوەی دەستیپێکرد.
دی ماریا لە چەند وێستگەیەکی رابردوودا دوای دووەم ئەزموونی لەگەڵ بێنفیکا هەر دەیویست بگەڕێتەوە بۆ رۆزاریۆ، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هەڕەشەی ئەوەی لێکرا ئەگەر بگەڕێتەوە ئەوا لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکەنە ئامانج، بۆیە گەرانەوەکەی رەتدەکردەوە.
ئەو یاریزانە وەک لاوێک لە تەمەنی 19 ساڵییدا رۆزاریۆی جێهێشت و وەک ئەفسانەیەک گەڕایەوە. بەوپێیەی لە کاروانەکەی ئەورووپایدا بەتایبەت لەگەڵ بێنفیکا، ریال مەدرید و پاریس توانی 31 نازناوی جۆراوجۆر بباتەوە کە گرنگترینیان چامپیۆنزلیگی 2013-2014 بوو لەگەڵ ریال. ئەوانە و هەروەها نازناوە کیشوەرییەکانی ئەمریکای باشوور لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و مۆندیالی 2022ی قەتەر.