ریال مەدرید بەفەرمی داوای دواخستنی یارییەکی دەکات
بەهۆی گەیشتنی بە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان

یاریگا –
ریال مەدرید داوایەکی فەرمی پێشکەشی کۆمەڵەی لالیگا کردووە بۆ ئەوەی یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە گەڕی یەکەمی خولەکە دوابخات.
رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە نووسراوی فەرمی داوای لە کۆمەڵەی لالیگا کردووە یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنای لە گەڕی یەکەمی لالیگا دوابخرێت، یانە مەدریدییەکە لە نووسراوەکەیدا رەزامەندیی ئۆساسۆنا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای هاوپێچ کردووە، کە رەزامەندییان بۆ دواخستنی یارییەکە دەربڕیوە.
کادێنا سێر رایگەیاندووە، دوای گەیشتنی بە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان، ریال مەدرید بڕوای وایە کاتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی خۆی بۆ یارییەکەی گەڕی یەکەمی لالیگا ئامادە بکات، بۆیە داوایکردووە بۆ ئەوەی یارییەکەی بۆ رۆژی 29ـی ئۆکتۆبەر دوابخرێت، لەکاتێکدا وابڕیارە رۆژی 19ـی ئۆگێست/ئاب یارییەکە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە ریال مەدرید لە پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە و ئەگەر بگاتە یاریی کۆتاییش رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە ئەمریکا یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە ئیسپانیا، واتە یاریزانەکانی یانە مەدریدییەکە تەنیا مانگێکیان دەبێت بۆ پشوودان و دەستکردنەوە بە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ.