تایبەت بە یاریگا؛ بڵند حەسەن لە پەیوەندیکردنی بە یانەی دهۆک نزیکە
لەگەڵ دهۆک لە دانوستان دایە

یاریگا –
بڵند حەسەن هێرشبەری لاوی کورد لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی دهۆک نزیکە، ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق دەیەوێت هۆڵەندا بەجێبهێڵێت و لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام بێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، بڵند حەسەن هێرشبەری دێ گرافشاپی هۆڵەندی دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە هۆڵەندییەکە بڕیاریداوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات، دهۆک نزیکترین یانەیە لەو یاریزانە 21 ساڵانە و هەردوولا نزیکن لەسەر تەواوی وردەکارییەکان رێکبکەون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بڵند حەسەن کە ئێستا بێ یانەیە و حەفت رۆژ لەمەوبەر دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ دێ گرافشاپ بووە یاریزانێکی ئازاد، نزیکە بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەست لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا واژۆ بکات.
ئەمە یەکەمجار نییە بڵند حەسەن لە یانەیەکی کوردستان نزیک بێت، هاوینی رابردووش نزیکبوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێر بکات، کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە لاوە کوردە 75 هەزار یۆرۆیە.
بڵند حەسەن چەند جارێک بانگهێشتی ئاستە تەمەنە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی عێراق کراوە و بە درێسی هەڵبژاردەی ژێر 20 ساڵانی عێراق لە چوار یاری دوو گۆڵی کردووە و بە درێسی هەڵبژاردەی ژێر 23 ساڵانی عێراق لە 14 یاری 4 گۆڵی کردووە.