هەڵوێستی رۆدریگۆ بۆ داخوازییەکەی رۆناڵدۆ بە گواستنەوەی بۆ نەسر ئاشکراکرا

یاریگا –
دۆخی رۆدریگۆ گۆیس لە یانەی ریال مەدرید هەر لە کۆتایی ماوەکانی کارلۆ ئانچیلۆتی تا هاتن و دەستبەکاربوونی چابی ئالۆنسۆ وەک خۆی ماوەتەوە و ئەو یاریزانە وەک سەرەکیی پشتیپێنابەسترێت. ئەوەش وایکردووە یانەکانی دەرەوەی ئیسپانیا چاودێری یەکلابوونەوەی گفتوگۆی نێوان یاریزانەکە و چابی بکەن، بەتایبەت کە بۆ پێنجەم یاریی لەسەریەک لە مۆندیالی یانەکان ئەستێرە بەرازیلیەکە لەلایەن راهێنەرە ئیسپانیەکەوە لە پێکهاتەی سەرەکیی دانەنرابوو.
لە چەند رۆژی رابردوو سەرچاوە میدیاییەکان و لەنێوشیاندا سکای سپۆرتس بۆمبێکی گەوەرەیان تەقاندەوە کاتێک ئاشکرایانکرد لەسەر داوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانەی نەسڕ کاخەزی سپی دەخاتە بەردەم رۆدریگۆ بۆ قایلبوون بە پەیوەندیکردنی بە یانە سعوودیەکەوە.
ئەو هەوڵەی نەسڕ بە رابەرایەتی رۆناڵدۆ لەکاتێکدایە یانەی ئارسیناڵ هێشتا نەکشاوەتەوە لە خەونەکانی بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ.
بەگوێرەی دوایین زانیاریی کە هەر تۆڕی هەواڵی سکای بڵاوکردووەتەوە، سەرباری خواستی رۆناڵدۆ، بەڵام خودی رۆدریگۆ زیاتر پەیوەندیکردنی بە پرێمەرلیگەوە لا پەسەندترە وەک لە چوونی بۆ سعوودیە.
سکای ئەوەشی نووسیوە کە ئەمە دەبێتە هاندانێکی زیاتر بۆ ئارسیناڵ تا زیاتر لەو یاریزانە بەرازیلیە بچنەپێشەوە.
🚨 Cristiano Ronaldo has asked Al-Nassr to sign Rodrygo, but the Brazilian winger would prefer a transfer to the Premier League.
Arsenal are considering a move for the Real Madrid star.
(Source: Sky Sports Switzerland) pic.twitter.com/a8x67H2mgF
— Transfer News Live (@DeadlineDayLive) July 6, 2025
لە ماوەکانی رابردوودا ئاماژەی جیاواز بە هەڵوێست و پەیامەکانی رۆدریگۆ بینراوە. دوایین جاریش کە پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بڵاوکردەوە چەند رۆژێکی پێش دەستپێکی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان بوو کە بە وێنەی کاتی راهێنانەکان و کاپشنێک خۆشحاڵی خۆی دەربڕی. ئەوەش وا لێکدرایەوە کە ئێستا ناوبراو لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیاندا دڵخۆشە.