خافیێر تیباس بە توندی هێرش دەکاتە سەر جامی جیهانی یانەکان

خافیێر تیباس سەرۆکی لالیگا جارێکیتر بە توندی هێرش دەکاتە سەر پاڵەوانێتی جامی جیهانی یانەکان. تیباس پێشتر بە راشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ ئەو جامە راگەیاندبوو و وتبووی هەموو هەوڵێک دەدات کۆتایی پێبهێنێت.
دوێنی راگەیەندرا نرخی بلیتەکانی جامی جیهانی قۆناغی یەکلاکەرەوە لە 473 دۆلارەوە دابەزێنراوە بۆ تەنها 13 دۆلار بۆ ئەوەی کڕیاری بۆ بدۆزنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی هاندانی نێو یاریگا وەک پێویست نین.
تیباس لەسەر ئەو بابەتە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی
چ کارەساتێکی گەورەیە ئەم جامی جیهانی یانانە. یاریزانان و خولەکانی دژین، خشتەی یارییەکانی تێکداوە و ژینگەی پیشەگەرانەی تۆپی پێی وێران کردووە و کاریگەری لەسەر سەدان هەزار کارمەند و کرێکار هەیە.
تیباس درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت
سەبارەت بە داهاتی سپۆنسەر و پەخشی یارییەکان، بە بەڵێنی ناڕاست کۆمپانیاکان خەڵەتێندران و بە زۆر هاندەر دەهێندرێنە نێو یاریگا و لەگەڵ ئەوەشدا نرخی بلیتەکان لە دابەزین دان. هەروەها کێشەی باجی دروست کردووە بۆ یاریزانان و رێکخراوەکان. ئایا دەکرا لەمە خراپتر بەڕێوەی ببەن ؟ سەرباری هەموو ئەمانە کەسانێک هەن دەیانەوێت وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتوو ناوی بهێنن. خودا بمان بپارێزێت لەم بەناو سەرکردانە.
پاڵەوانێتییەکە بۆچوونی جیاوازی لە نێو جیهانی تۆپی پێ دا دروست کردووە. بە گشتی دەنگی دژایەتی زیاتر دەبیسترێت بەهۆی ئەوەی یانە بەشداربووەکان تا ئێستا پشووی هاوینیان دەست پێنەکردووە لە کاتێکدا مانگی داهاتوو خولەکانی ئەورووپا دەست پێدەکەنەوە.