بەدواداچوونی یاریگا؛ پیتەر گورگیس ناگەڕێتەوە دهۆک و چیدیکە یاریی بۆ ئەو یانەیە ناکاتەوە
دەنگۆی گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ دهۆک دوورە لە راستییەوە

یاریگا –
پیتەر گورگیس ناگەڕێتەوە دهۆک و نایەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانەکە.
گەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە پیتەر گورگیس ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی دهۆک بۆ یارییەکانی جامی عێراق بگەڕێتەوە یانەکە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، پیتەر گورگیس بەهیچ شێوەیەک بیر لە گەڕانەوە بۆ ریزەکانی یانەی دهۆک ناکاتەوە، ئامادە نییە جارێکی دیکە لەو یانەیە یاریی بکاتەوە.
گەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە گورگیس بۆ یارییەکانی جامی عێراق بگەڕێتەوە یانەکە، کە رۆژی سێشەممە لە چارەکی کۆتایی جامی عێراق میوانداریی مینا دەکات، بەڵام ئەو یاریزانە لە ئەوروپایە و گەشتی کوردستانی نەکردووە.
تایبەت بە یاریگا؛ یانەیەکی خولی نایابی هۆڵەندی داوای پیتەر گورگیسی کردووە
ناوەڕاستکارە 24 ساڵانەکە نزیکەی مانگێکە راهێنانەکانی یانەکەی بەجێهێشتووە و لەوەتەی سەرەتای مانگی رابردووەوە لە یارییەکانی یانەکەی دابڕاوە، دوای پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال نەگەڕایەوە دهۆک و یانەکەی بەجێهێشت، لەکاتێکدا هێشتا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە.
گورگیس لەلایەن یانەی ناک برێدای هۆڵەندی ئۆفەری پێشکەش کراوە و نزیکە پەیوەندی بەو یانە هۆڵەندییەوە بکات، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتە هەر یانەیەک دەبێت سەرەتا لەگەڵ یانەی دهۆک رێکبکەوێت.
گورگیس کە لە بۆرسەی یاریزانان بەهای 400 هەزار یۆرۆیە، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 24 یاری 7 گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداویشی لەگەڵ دهۆک بردەوە، پێشتر لە ریزی یانەکانی ئۆرێبرۆ و مالمۆ و دیگێرفۆرسی سویدی و برایتنی ئینگلیزی یاریی کردووە.