ڤیدیۆ؛ لویس دیاز بەهۆی هەڵسوکەوتێکی لە رۆژی نێژرانی دیۆگۆ جۆتای هاوڕێی رەخنەباران کرا
لە کۆڵۆمبیا لە پشووی هاوینەی بەشداریی ئاهەنگێکی تایبەتی کردووە

یاریگا –
بەهۆی ئەوەی ئامادەی رێوڕەسمی ناشتنی دیۆگۆ جۆتای هاوڕێی نەبوو، لویس دیاز رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە و ڤیدیۆیەکی هێندەی دیکە هەوادارانی لیڤەرپوول و پۆرتوگالی تووڕە کردووە.
دوێنێ شەممە لویس دیاز هێرشبەری کۆڵۆمبی یانەی لیڤەرپوول لەدیارترین ئەو کەسانە بوو ئامادەی رێوڕەسمی ناشتنی دیۆگۆ جۆتا و برایەکەی نەبوو، کە لە پۆرتوگال بە ئامادەبوونی سەدان یاریزان و کەسایەتی وەرزشی بەخاک سپێردران، ڤیریجل ڤان دایک و ئاندی رۆبێرتسن تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی یاریزانە کۆچکردووەکەی یانەکەیان دانا.
— • (@____JaviG21) July 5, 2025
سەرەڕای ئەوەی لویس دیاز دوێنێ ئامادەی رێوڕەسمی ناشتنی جۆتای هاوڕێی نەبوو، کەچی بەشداریی ئاهەنگێكی تایبەتی کردووە و ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دانس دەکات و گۆرانی دەڵێن و کیفخۆشن.
هەوادارانی لیڤەرپوول دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگگێڕانەکەی دیاز لە رۆژی نێژرانی جۆتا، هەڵوێستێکی دوو ساڵ لەمەوبەریان بە بیری هێرشبەرە کۆڵۆمبییەکە هێنایەوە، ئۆکتۆبەری 2023 کاتێک باوکی دیاز لەلایەن گرووپێکەوە رفێنرا و داوای پارەیان لەو هێرشبەرەی لیڤەرپوول دەکرد، جۆتا بە هەموو توانایەکییەوە هاوکاری دیایز کرد.
دیۆگۆ جۆتا جگە لەوەی بە هەموو شێوەیەک پشتگیری دیازی کرد و لە ئازادکردنی باوکی یارمەتی دا، لەو کاتەدا دوای ئەوەی گۆڵێکی تۆمارکرد، درێسی لویس دیازی بەرزکردەوە، کە ئەوکات خەریکی رزگارکردنی باوکی بوو لە چنگی گرووپە چەکدارەکە.
روبن نێڤێس یەکێک لە هاوڕێیەکانی جۆتا، گەرچی لە مۆندیالی یانەکان لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودی لە ئەمریکابوو، بەڵام خۆی و جواو کانسێلۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتێکی تاقەتپڕووکێنیان کرد، بۆ ئەوەی لە پۆرتوگال ئامادەی رێوڕەسمی ناشتنی هاوڕێیەکەیان بن.
نێڤێس دوای یاریی هیلال و فلومینێنسی بە فڕۆکە گەشتی پۆرتوگاڵی کرد، زیاتر لە 7 کاتژمێر و 45 خولەک لەناو فڕۆکە بوو تاوەکو گەیشتووەتە پۆرتوگاڵ، چونکە بە کەمتر لە 10 کاتژمێر دوای یارییەکە ریوڕەسمی ناشتنی تەرمی دیۆگۆ جۆتا لە پۆرتوگاڵ دەستیپێکرد، ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵییە هەرخۆی تابووتی دیۆگۆ جۆتای بەرەو گۆڕستان بەڕێکرد و وێنەکانی لە سۆشیاڵ میدیا بووەتە ترێند.
وەفادارترین هاوڕێ؛ روبن نێڤێس لەپێناوی ئامادەبوونی لە رێوڕەسمی ناشتنی دیۆگۆ جۆتا نەخەوتووە