دەنگۆکانی مێرکاتۆ؛ ئێنریكێ دەستبەرداری ئەستێرەكەی نابێت و چێڵسی نرخی ئێنكونكو دیارییدەكات
دوا دەنگۆ و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی یاریزانان

یاریگا –
مانچێستەر یونایتد هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێكی ئازاد دەستپێكردووە، یوڤێنتوس یاریزانێكی مانچێستەر یونایتدی دەوێت و لە دوای ویڵیامس بارسێلۆنا راشفۆرد دەكاتە ئامانج.
مانچێستەر یونایتد دەیەوێت دۆمینیک كالڤێرت لوین بگوازێتەوە ریزەكانی یانەكەی، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەفەرمی ئێڤەرتنی جێهێشت و ئێستا یاریزانێكی ئازادە – سەن.
یوڤێنتوس هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی جەیدن سانچۆی ئینگلیزی و یاریزانی مانچێستەر یونایتد زیاتر دەكات و ئەگەر هەیە لەگەڵ دۆگلاس لویز گۆڕینەوەی پێبكات – كۆرێری دێلۆ سپۆرت.
هەروەها یوڤێنتوس دەیەوێت یێڤێس بیسوما یاریزانی مالی یانەی تۆتنهام بگوازێتەوە ریزەكانی یانەكەی – گازێتا دێلۆ سپۆرت.
هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتی ئامادەن بە بەهای 40 ملیۆن پاوەند دەستبەرداری ماركوس راشفۆرد و چاک گرێلیش ببن – مانچێستەر ئێڤنینگ نیوس.
بارسێلۆنا دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بكات بۆ ئەوەی ماركوس راشفۆرد بە خواستن بگوازێتەوە و بژاردەی كڕینەوەی لە گرێبەستەكەیدا زیاد بكات – فووت مێركاتۆ.
لویس ئێنریكێ راهێنەری پاریس سانجێرمان دووپاتیكردەوە برادلی باركۆلا لە ریزەكانی یانەكەی دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن بایرن میونشنەوە گرنگی بو گواستنەوەی دەدرا – گۆڵ.
نەسڕ گفتوگۆكانی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ ئەستێرەی بەڕازیلی دەستپێكرد – ساشا تاڤۆلێری.
ماریۆ بالۆتێلی دوای جێهێشتنی جێنوا سەرنجی یانەكانی خولی مەكسیكی بۆ لای خۆی راكێشاوە – تۆک سپۆرت.
چێڵسی بە مانچێستەر یونایتدی راگەیاندووە ئەگەر دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ كریستۆفەر ئێنكونكو واژۆ بكات دەبێت بڕی 35 ملیۆن پاوەند بدات – میرەر.
سۆن هیونگ مین هێرشبەری تۆتنهام رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بە لۆس ئانجلێسی ئەمریكیەوە بكات – سەن.
ڤیكتۆر یۆكێرێش ئۆفەرە گرانبەهاكانی سعوودیە رەتدەكاتەوە و دەیەوێت پەیوەندی بە ئارسیناڵەوە بكات – ڕیكۆرد.