
یاریگا –
گەرچی تاوەکو ئێستا زۆربەی یاریزان و یانە گەورەکانی ئەوروپا بەهۆی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا پەیامی هاوخەمی خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا محەمەد سەڵاح یاریزانی لیڤەرپوول هیچ پەیامێکی بڵاو نەکردووەتەوە.
گەرچی زیاتر لە 12 کاتژمێر بەسەر گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی لیڤەرپوول تێپەڕبووە و زۆربەی یاریزان و یانە گەورەکانی ئەوروپا لە سۆشیاڵ میدیا پەیامی هاوخەمیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسری یانەی لیڤەرپوول هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە و هیچ پەیامێکی بڵاونەکردووەتەوە.
عاجل | صلاح يقطع إجازته بعد وفاة جوتا https://t.co/8uDEmWPfmr
— Yallakora (@Yallakoranow) July 3, 2025
ماڵپەڕی Yallakoraـی میسری ئاشکرایکردووە، محەمەد سەڵاح هێرشبەری لیڤەرپوول دوای بیستنی هەواڵی گیان لەدەستدانی جۆتا یەکسەر کۆتایی بە گەشت و پشووەکەی هێناوە کە بۆ پشووی هاوینە لە یۆنان بوو، یەکسەر بڕیاریداوە بگەڕێتەوە ئینگلتەرا کە وابڕیارە رۆژی دووشەممە رێدز دەست بە مەشق و راهێنانەکانی بکاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، جۆتا لە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی A-52 لە شارۆچکەی پالاسیۆس دی سانابریا، باکووری رۆژئاوای ئیسپانیا و باکووری پۆرتوگال گیانی لەدەستداوە، شارەوانی پالاسیۆس دی سانابریا بڵاویکردووەتەوە، جۆتای تەمەن 28 ساڵ و ئاندرێی برای، 26 ساڵ گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی قسەی چەند شایەتحاڵێک کە پەیوەندییان بە فریاکەوتنی ئیسپانیا کردووە، کاتژمێر 12:40 بەکاتی مەدرید رووداوەکە روویداوە و دوای رووداوەکە، دەستبەجێ ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکە بەرزبووەوە و ئەمەش هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی ئەستەم کرد.