
یاریگا –
هاندەرانی تۆپی پێ بە دانانی ملپێچ و تاجە گوڵینە لەبەردەم ئانفیڵد، وەکوو رێزێک بۆ گیان سپاردنی دیۆگۆ جۆتا ئامادەبوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نزیک زامۆرا لە باکوری رۆژئاوای ئیسپانیا، جۆتا و براکەی بەناوی ئاندرێ سیلڤا بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستدا. پۆلیسی ئیسپانیا راگەیاندووە، ئەو دوو برایە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لامبۆرگینیدا بوون، کاتێک ئۆتۆمبێلەکە لە رێگاکە لایداوە و ئاگری گرتووە، دوای ئەوەی تایەی ئۆتۆمبێلەکە تەقیوە. ئەو شایەتحاڵانەی پەیوەندییان بە دەزگای فریاکەوتنی ئیسپانیاوە کردووە بە میدیاکانیان راگەیاندووە، بینیویانە ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە.
دوابەدوای ئەو هەواڵە دڵتەزێنە، هاندەرانی لیڤەرپوول روویان لە ئەنفێڵد کرد بۆ ئەوەیرێز لە ئەستێرە خۆشەویستەکەیان بگرن، هاندەرێکیش نووسیویەتی: “ئارام بگرە دیۆگۆ، هەرگیز بە تەنیا ناڕۆیت!”
هاوکات هاندەرانی تیپەکانی تریش بۆ رێزگرتن هاتنە یاریگاکە و تەنانەت ملپێچی مانچێستەر یونایتد لەنێو ئەو ملپێچانەدابوو کە بۆ رێزگرتن لە ئەستێرە پورتوگالییەکە لەبەردەم ئانفیڵد دانرابوون.
ئێستا جیهانی تۆپی پێ ماتەمینی گیانلەدەستدانی هێرشبەرە تەمەن 28 ساڵەکە و براکەی دەگێڕن. هەروەها یاریزانانی پێشووی ئینگلتەرا وەک جەیمی کاراگەر و گاری نێڤڵ سەرەخۆشی خۆیان دەربڕیوە، هاوکات کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی پورتوگال هاوخەمی خۆی بۆ ماڵباتی هاونیشتیمانەکەی دەربڕیوە.