
یاریگا –
هەولێر تەنیا بە 15 یاریزانەوە لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق رووبەڕووی نەفتی بەسرە دەبێتەوە، زۆربەی یاریزانەکانی یانەکە بۆ ئەو یارییە گەشتیان نەکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، تەنیا 11 یاریزان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە فڕۆکە گەشتی بەسرەیان کردووە، بۆ ئەوەی لە یاریی بەرامبەر نەفتی بەسرە سبەی یاریی بکەن، کە ئەو یاریزانانەی گەشتیان کردووە بریتین لە ئیڤان خالید، سەفین مەنسوڕ، گەیلان لوقمان، هەڵگورد قەیس، دڵۆڤان مەهدی، موئەیەد سەفا، هیدایەت لەتیف، خالید کوردۆغلی، مەتین مەنسوڕ، عومەر جەنگی، عەبدوڵا یاسین.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی هەولێر لە هەوڵدایە ئەرکان ئەمیر و رەوا یوسف و عەلی رەحیم و محەمەد سەلام رازی بکات بۆ ئەوەی گەشتی بەسرە بکەن بۆ ئەوەی لە یارییەکەی سبەی ئامادەبن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، بەشێک لە یاریزانەکان بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان رەتیانکردووتەوە بۆ ئەو یارییە گەشت بکەن، هەندێکیشیان پێکانیان هەیە ناتوانن یاریی بکەن، هەریەکە لە شێرکۆ کەریم و مستەفا قابیل بەهۆی پێکانەوە گەشتیان نەکردووە، نیاز محەمەد بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانی لەو یارییە بێبەش بووە.
هەولێر بە کۆکردنەوەی 50 خاڵ لە پلەی دوازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، کە لەم وەرزە 37 یاری 15 بردنەوە و 5 یەکسان و 17 دۆڕانی بەدەستهێناوە، 46 گۆڵی لێکراوە و 57 گۆڵی کردووە.