ئه‌ڵمانیائینگلتەراگرنگترین

نهێنییەکانی گواستنەوەی ڤیرتز ئاشکرا بوو، چۆن لیڤەرپوول لە بایەرن و سیتی بردەوە؟

Yariga App

یاریگا –

گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی لاوی ئەڵمانی و یانەی بایەر لیڤەرکوزن، بۆ یانەی لیڤەرپوول یەکێک بوو لە گەورەترین و پڕ مشتومڕترین مامەڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە و لیڤه‌رپوول گواستنه‌وه‌كه‌ی له‌ سوودی خۆی ته‌واو كرد سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر هه‌ردوو یانه‌ی ركابه‌ری مانچێسته‌ر سیتی و بایرن میونشن.

لیڤه‌رپوول به‌ نزیکەی 116 ملیۆن پاوەند گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یاریزانه‌ لاوه‌كه‌ كرد و توانی سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانی و سیمۆن ڕۆڵفس، بەڕێوەبەری وەرزشیی بایەر لیڤەرکوزن، وردەکارییەکانی ئەم دانوستانە ئاشکرا دەکات و نهێنییەکانی پشت بڕیارەکەی ڤێرتز دەخاتەڕوو.

رۆڵفس بۆ بێڵدی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێت، وا دەبینرا کە بایەرن میونشن نزیکترین یانەیە لە بەدەستهێنانی توانا ناوازەکانی ڤیرتز، هەروەها، مانچێستەر سیتیش وەک یەکێک لە خوازیارە سەرەکییەکان چاوی لەسەر ئەم یاریزانە بوو، بەڵام لیڤەرپوول بە شێوەیەکی زیرەکانە و پیشەگەرانە توانی پێش هەردوو یانەکە بکەوێت و گرێبەستەکە بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە

بە گوێرەی قسەکانی رۆڵفس، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم سەرکەوتنە، خواستی خودی ڤیرتز بووە، یاریزانە 22 ساڵانەکە لە مانگی ئایاردا بە شێوەیەکی ڕوون بە کاربەدەستانی لیڤەرکوزنی ڕاگەیاندبوو کە بڕیاری خۆی داوە و دەیەوێت پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە بکات.


ڤیرتز جەختی لەوە کردبووەوە کە گرنگە هەموو لایەنەکان لەم گواستنەوەیە رازی بن و هیوای خواستووە کە یانەی لیڤەرکوزنیش لە ئەنجامی کۆتایی مامەڵەکە دڵخۆش بێت.

سیمۆن رۆڵفس ستایشی شێوازی مامەڵەکردنی یانەی لیڤەرپوولی کرد لە کاتی دانوستانەکاندا کە سێ هەفتەی خایاندووه‌،  ئەو ئاشکرای کرد کە یانەكانی لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی بە شێوەیەکی زۆر پیشەگەرانە و جددی مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکەدا کردووە و به‌رده‌وام یانەی لیڤەرکوزنیان لە هەنگاوەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.


رۆڵفس دەڵێت، لیڤەرپوول زۆر بە جددی مامەڵەی لەگەڵ فلۆریان کرد، وایان لە یاریزانه‌ گەیاند کە بە وردی دەزانن بۆچی ئەویان دەوێت، ئەم شێوازە مامەڵەکردنە بۆ ئه‌و لایەنێکی زۆر گرنگی پاکێجەکە بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پڕۆژە و پلانی ڕوونی لیڤەرپوول بۆ داهاتووی ڤێرتز چیه‌و ئه‌مه‌ش، هۆکارێکی سەرەکی ڕازیکردنی  بووه‌.

به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی لیڤه‌ركوزن باسی له‌وه‌شكرد، یانەکەی شانازی بە گەشەکردنی ڤیرتز دەکات، کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە یانەکەوە کرد و له‌و یانه‌یه‌ بووە ئەستێرەیەکی گه‌وره‌ی تۆپی پێ بە شێوازی ڕاهێنانکردن، ستایلی یاریکردن و ئامانجە بەرزەکانی، توانیویەتی یانەکە بەرەو ئاستێکی به‌رز ببات.

بابەتی زیاتر

Back to top button