دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا ململانێی قووڵیان لەسەر مۆندیال هەیە
ئەنجوومەنی پیران بە جیاوازی یەک دەنگ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە مۆندیالی 2026 پەسند دەکات

یاریگا –
لیژنەی 11 شاری میوانداری یارییەکانی مۆندیالی 2026ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەرگرتنی بوودجە نزیکن.
هەر 11 شارەکە داوای بڕی 625 ملیۆن دۆلارییان بۆ پاراستنی ئاسایشی پاڵەوانیەتییەکە کردووە. ئەنجوومەنی پیران (سینات) هەمواری پڕۆژەیاسای سیاسەتی ناوخۆی پەسند کردووە، ئێستا پڕۆژەیاساکە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆنگرێس) کراوە و لە ئەگەری پەسندکردنی، ئەوا دەچێتە ئۆڤڵ ئۆفیس و چاوەڕێی واژۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت.
پڕۆژەیاساکە 500 ملیۆن دۆلاری زیاتریشی لەژێر ناوی ”توانای ویلایەتەکان و ناوچەکان بۆ دۆزینەوە، ناسینەوە یاخود چاودێریکردنی هەڕەشەکانی سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ زیادکراوە.
لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا، بڕی یەک ملیار دۆلار بۆ ئاسایش، پلاندانان و تێچووەکانی دیکەی پەیوەست بە ئۆڵێمپیادی 2028 جێکراوەتەوە.
بەگوێرەی گرێبەستی نێوان ئەمریکا و فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’، دەبێ شارەکانی میواندار تێچووی پاراستنی ئاسایشی پاڵەوانیەتییەکە لەئەستۆ بگرن، چونکە لە بەرامبەردا، شارەکان سەدان ملیۆن دۆلاری دیکە لە گەشتیاران قازانج دەکەن.
پارەدارکردنی جامی جیهانی بریتییە لە یەک بڕگەی نێو پڕۆژەیاسایەکی گەورەی وڵاتەکە، پڕۆژەیاساکە چاکسازی گشتگیری سیاسەتی ناوخۆیی تێدایە، بۆیە مشتومڕێکی گەورەی لەنێو ئەنجوومەنی سینات دروستکرد.
کۆمارییەکان نەیانتوانی بە ئاسانی پڕۆژەیاساکە تێپەڕێنن، چونکە پڕۆژەیاساکە دەنگی 50-50ی بەدەستهێنا، بەگوێرەی دەستووری ئەمریکاش، پەنا برایە بەر دەنگی جێگری سەرۆک، کە جەی دی ڤانسە، ئەویش دەنگی لە بەرژەوەندی پڕۆژەیاساکەدا.
پڕۆژەیاساکە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە و چاوەڕێدەکرێت هەینی، ترەمپ لە کۆشکی سپی واژۆ لەسەر پڕۆژەیاساکە بکات و دەستبەجێ بوودجە خەرج بکرێت.
هەرچەندە ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک میوانداری مۆندیالی 2026 دەکات، بەڵام 75%ی یارییەکان لە ئەمریکا دەکرێن، بۆیە ئەرکی وڵاتەکە لەڕووی داراییەوە زیاترە.
پێشتر تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردبووەوە، شارەکانی ئەمریکا پەنایان بۆ ناوەند و رێکخراوەکانی واشنتن بردبوو، تاوەکو لۆبی بۆ پڕۆژەیاساکە بکەن و بەزوویی پەسند بکرێت، تەنانەت پڕۆژەیاساکە بەشێوەیەک وێنا بکەن، کە لە بەرژەوەندی وڵات و گەلی ئەمریکایە.