بێرناردۆ سیلڤا: زۆربەی ئەو تیمانەی لێمان دەبەنەوە هەر بەو شێوازەی هیلال یاریی دەکەن

یاریگا –
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەی مانجێستەر سیتی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە قۆناخی 16ی مۆندیالی یانەکان لەسەردەستی هیلال کرایەدەرەوە لەو یارییە دراماتیکیەی کە سەریکێشا بۆ دوو تایمی زیادکراو و ئەنجامەکە 4-3 کۆتایی هات.
کرانەدەرەوەی سیتی لەکاتێکدابوو کە یانەکە لە دوو مێرکاتۆی رابردوودا زۆرێک لە پێگەکانی بە کڕینی یاریزانی ئاستبەرز پڕکردووەتەوە و هەر لەم هاوینەدا چوار گرێبەستی ئەنجامداوە؛ تیجانی رێندێرس، رەیان شێرکی، ئایات نووری و مارکوس بێتینێلی گۆڵپارێز.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بێرناردۆ سیلڤا کە گۆڵی کرانەوەی یارییەکەی تۆمارکرد، باسی لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی هیلال و دۆڕانی یانەکەی کرد و وتی
زۆربەی ئەو تیمانەی لێمان دەبەنەوە هەر بەم شێوازەی هیلال یارییمان لەگەڵ دەکەن. ئێمە زۆر راهاتووی بە یاریکردن لە دژی ئەم جۆرە تیمانە. ماوەی 8 بۆ 9 ساڵە ئێمە یاریی لەگەڵ ئەم جۆرە تیمانە دەکەین. ئێمە لەم یارییە بارودۆخەکەمان بۆ خۆمان کۆنترۆڵ نەکردبوو، بۆیە ئەم جۆرە لە تیمانە بەشێوەیەکی ئاسایی کۆنترۆڵەکە دەگرنەدەست.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا یاریزانە پۆرتوگالیەکە باسی لە کواڵیتی ئاستی یانە سعودیەکە کرد چ وەک تیم یاخود تاک یاریزان و وتی
لە تۆپمان لەدەست دەدا ئەوان هەر لە یەکەمین 5 چرکەدا زۆر بەهەڵمەت بوون و زۆر باش بوون و زۆر بەخێرایی تۆپەکەیان وەردەگرتەوە. ئەوان لەپشتیشەوە زۆر هەلی مەترسیداریان لەسەر دروستدەکردین. ئەوەش کێشە سەرەکییەکەی ئەمشەومان بوو.
ناوەراستکارەکەی سیتی وتیشی بە یاریزانەکانی هیلال ئاشنابووین و ئاستی ئەوانمان دەزانی
من لەوێ هاوڕێم هەیە. زۆرینەیان زۆر باش دەناسین. ئاستی تاکەکەسی ئەوانمان دەزانی. ئێمە پێشبینی ئەمەمان دەکرد و خاوەنی یاریزانی ئاستبەرزن. بەباشی ئاڵوگۆڕیان دەکرد لەنێو یاریگادا کە ئەمڕۆ ئێمە ئەوەمان نەبوو. بۆیە کە نەتوانی بارودۆخەکە بۆ خۆت کۆنترۆڵ بکەی لەبەرامبەر ئەو جۆرە یاریزانانەی هیلال هەیەتی، ئەوا سزات دەدەن.
هەر دوای یارییەکەش پێپ گواردیۆلای راهێنەر جەختیکردەوە کە دۆرانیان بە نوێنەرەکەی ئاسیا تووشی حەپەسانی نەکردووە.
🗣️ “Most teams that beat us play this way, we didn’t control the situations”
Bernardo Silva reacts to Man City’s defeat against Al-Hilal in the Club World Cup 🔵 pic.twitter.com/MVapGZ8LEN
— Sky Sports News (@SkySportsNews) July 1, 2025
بۆ چارەکی کۆتایی هیلال رووبەڕووی فلومینێنزی بەڕازیلی دەبێتەوە کە ئەمەی دواتریان لەسەرپشتی ئینتەر میلان خۆی گەیاندە ئەو قۆناخە.