تایبەت بە یاریگا؛ دهۆک لەگەڵ مستەفا قابیل دەستی بە گفتوگۆ کردووە

یاریگا –
دهۆک لەگەڵ مستەفا قابیل دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەکانی و یاریزانەکەش چوونی بۆ دهۆک لەپێشینەی خۆی داناوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەکانی دهۆک و گەرمە دەیانەوێت مستەفا قابیل هێرشبەری لاوی یانەی هەولێر بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام ئەو یاریزانە لاوەی هەولێر زیاتر ئارەزوو دەکات هەر لە کوردستان بمێنێتەوە و بچێتە ریزەکانی دهۆک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دهۆک لەگەڵ مستەفا قابیل دەستی بە گفتوگۆ کردووە، بەڵام ئەو یاریزانە 20 ساڵانە گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر هاوینی 2026 کۆتایی دێت، بۆیە چاوەڕێی دەستەی کارگێڕی یانەکەی قەڵاومنارە دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.
تایبەت بە یاریگا؛ یانەکانی بەغدا داوای هێرشبەرێکی لاوی هەولێر دەکەن
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرایکردبوو، یانەکانی شوڕتە، قوە جەوییە، زەوڕا، تەڵەبە و زاخۆش چاویان لەسەر مستەفا قابیلە، بەڵام دهۆک بەجددی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەو یاریزانەی هەولێر بباتە ریزەکانی.
هێشتا زیاتر لە مانگێک ماوە دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکرێتەوە، رۆژی 2ـی ئۆگێست دەرگای گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان دەکرێتەوە و رۆژی 2ـی ئۆکتۆبەر ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە عێراق تەواو دەبێت.
هێرشبەرە هەولێرییەکە لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 27 یاری 6 گۆڵ و 5 ئەسیستی کردووە، واتە لە هەر 274 خولەکێک گۆڵێکی بۆ زەردپۆشەکان کردووە و دوایین گۆڵیشی بەرامبەر دهۆک بوو کە بە لێدانی سزا تۆماریکرد.
مستەفا قابیل پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی ژێر 19 ساڵان و 20 ساڵانی عێراق کراوە، نۆ یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی ژێر 19 ساڵانی عێراق کردووە و گۆڵێکیشی کردووە.