
یاریگا –
راهێنەری نەورۆز دەڵێت کاتێک ئەرکی تیپەکەم وەرگرت سەرکێشیم کرد و ئێستا لە پلەیەکی باش دێین لە ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
دوای سەرکەوتنە گەوڕەکەیان بەرامبەر دهۆک بە ئەنجامی 4 _ 1 لە گەڕی پێش کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، قەحتان جەسیر، راهێنەری نەورۆز باس لە سەرکەتنەکەیان دەکات و دەڵێت یاریزانەکانم پاڵەوان بوون و سوپاسیان دەکەم.
راهێنەری نەورۆز دوای یارییەکە زیاتر گوتی:
پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورە لە کارگێڕی و یاریزانەکان و هاندەران دەکەم، زۆر سوپاس بۆ یاریزانەکان کە وەکو پاڵەوان دەرکەوتن، سێیەم یارییە بەدوای یەک سەرکەوتن تۆمار دەکەین ئەمەش ئەنجامی کارکردنی زۆرمانە لە تیپەکە، کاتێک ئەرکی راهێنەرایەتی نەورۆزم وەرگرت سەرکێشیم کرد و تیپەکە لە ریزبەندی پێش کۆتایی خولەکە بوو، بەڵام ئێستا لە رێزبەندی نۆیەمین.
ئەمیر ئەزرەفشان، راهێنەری دهۆکیش دەڵێت شایەنی شکست بووین، بەڵام بەم ئەنجامە گەورە نا، ئەمیر دوای یارییەکە دەستی لەکار کێشایەوە و لە شوێنی ئەو سلێمان رەمەزان ئەرکی راهێنەرایەتی دهۆکی وەرگرت.
ئەمیر ئەزرەفشان دەربارەی شکستەکەیان زیاتر گوتی:
ئێمە لە گێمی یەکەم زۆر باش یارییمان کرد دەکرا ئەنجامەکە زوو یەکلایی بکەینەوە، دواتر کۆنتڕۆڵی یاریگامان لەدەستدا و لە کەش و هەوای یارییەکە چووینە دەرەوە، دەکرا شکست بێنین بەڵام بەم ئەنجامە گەورە نا.
بەم سەرکەوتنە نەورۆز بە 52 خاڵ هاتە ریزبەندی نۆیەم و لە دوا گەڕی خولەکەش میوانداری کارەبا دەکات، دهۆکیش بە 54 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەم دێت و دوا یارییش لە بەغدا رووبەڕووی کەرخ دەبێتەوە.