هەنگاوێکی سەیری فیفا بۆ پڕکردنەوەی یاریگاکان لە جامی جیهانی یانەکان

یاریگا –
دوای ئەو پێشوازییە ساردەی هاندەران بۆ جامی جیهانی یانەکان لە ئەمریکا، فیفا پێشنیارێکی سەرنجڕاکێشی بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی یاریگا کرد.
بەگوێرەی زانیاریارییەکانی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەو هاندەرانەی بۆ بینینی یاریی چێڵسی و بێنفیکا بلیتیان کڕیبوو، ئێستا ئیمەیڵێکیان لە فیفا پێگەیشتووە کە چوار بلیتی بێبەرامبەریان بۆ یاری ئینتەر میلان و فلۆمینێنزی لە هەمان یاریگا پێشکەش کردوون.
فیفا لە ئیمەیلەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دیارییەکە لە ئێمەوە بۆ ئێوە سوپاسی سەبرتان دەکەین، چونکە یارییەکەی نێوان چێڵسی و بێنفیکا بەهۆی خراپی کەشوهەوا دوو کاتژمێر دواکەوت و چوار کاتژمێری خایاند. یارییەکە کە بە ئەنجامی 4-1 بردنەوەی تیپەکەی ئێنزۆ مارێسکا کۆتایی هات، تەنیا لەبەردەم نزیکەی 26 هەزار هاندەر لە یاریگایەکدا کرا کە توانای لەخۆ گرتنی نزیکەی 75 هەزار هاندەری هەبوو.
هەرچەندە فیفا ئەم هەنگاوەی بە “نیشاندانی رێزگرتن بەرامبەر هاندەران” ناوبرد، بەڵام هەندێک پێیان وایە ئەو هەنگاوە هەوڵێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی فرۆشی بلیتەکان، ئەمەش بابەتێکە لە سەرەتای دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەوە رەخنەی زۆری لێگیراوە. تەنانەت هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هاندەران گواسترانەوە بۆ ئەو بەشانەی یاریگاکە کە لە چوارچێوەی کامێرادا دەردەکەون بۆ ئەوەی کەشێکی زیندووتر لە تەلەفزیۆنەکاندا پێشان بدەن.